حووسییەکان: بابولمەندەب بە تەواوی بە رووی سعوودیە داخراوە

محەمەد ئەلبەخیتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی "ئەنساروڵڵا" (حووسییەکان)ـی یەمەن رایگەیاند، گەرووی بابولمەندەب بە شێوەیەکی تەواوەتی بە رووی کەشتییە سعوودییەکاندا داخراوە.

یەکشەممە 26ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیاکانی راگەیاندووە، بڕیاری قەدەخەکردنی هاتوچۆی کەشتییە سعوودییەکان وەک خۆی بەردەوامە و هێزە چەکدارەکانی یەمەن رێگە نادەن هیچ کەشتییەکی ئەو وڵاتە لە رێڕەوە ئاوییەکان تێپەڕێت، بەپێی سەرچاوەکە، لە دووشەممەی رابردووەوە تا ئێستا 16 کەشتی سعوودی گەڕێندراونەتەوە و رێگەیان پێنەدراوە تێپەڕ بن، هەروەها لە 48 کاتژمێری رابردوودا 3 کەشتی نەوتهەڵگری سعوودی کراونەتە ئامانج.

ئەم هەنگاوەی حووسییەکان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، دوای ئەوە دێت رۆژی دووشەممەی رابردوو گەمارۆیەکی دەریاییان بەسەر کەشتیوانی سعوودیەدا سەپاند، ئەمەش وەک پەرەسەندنێکی مەترسیدار دەبینرێت کە رەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانەوەی ئاگری شەڕێکی ناوچەیی و هەڕەشە لەسەر دابینکردنی وزەی جیهانی دروست بکات.

گەرووی بابولمەندەب کە دەکەوێتە باشووری دەریای سوور، دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ نۆکەندی سوێس و رێڕەوێکی ستراتیژییە بۆ بەستنەوەی ئەوروپا و ئاسیا، نزیکەی 15%ـی بازرگانی دەریایی جیهان لەم گەرووەوە تێپەڕ دەبێت، شارەزایانی ئابووری دەڵێن،" تێکچوونی هاتوچۆ لەم رێڕەوە ئاوییەدا لە نێوان ساڵانی 2023 بۆ 2025، ساڵانە نزیکەی 20 ملیار دۆلار زیانی لە ئابووری جیهانی داوە.

ئەم گەرووە رێڕەوی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی سعوودییەیە بۆ بازاڕەکانی جیهان و، سەرەڕای ساڵانێکی زۆر لە شەڕ، تا ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو بە رووی کەشتییەکانی ئەو وڵاتەدا کراوە بووە، بەڵام ئەم بڕیارە نوێیەی حووسییەکان هاوکێشەکە بە تەواوی دەگۆڕێت.