ترەمپ و وەزیری بەرگریی سعوودیە لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە خالد بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، پەیامێکی تایبەتی محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیە سەبارەت بە جەنگ لەگەڵ ئێران و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بە سەرۆکی ئەمریکا گەیشت.
ئەم کۆبوونەوەیە راوێژە ستراتیژییەکانی نێوان ریاز و واشنتنی بۆ ئاستی سەرۆکایەتی بەرزکردەوە. ئەمەش تەنیا یەک رۆژ دوای ئەوە دێت وەزیری بەرگریی سعوودیە لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە. لەو دیدارەدا باس لە هێرشە هاوبەشەکانی رۆژی سێشەممەی ئەمریکا و سعوودیە کرا بۆ سەر بنکە لۆجستی و سەربازییەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق.
بەگوێرەی راپۆرتێکی تۆڕی (CNN)، خالد بن سەلمان بە جێگری سەرۆکی ئەمریکای راگەیاندووە، تێڕوانینی سعوودیە وایە ئێران لە رێگەی زیادکردنی گرژییەکان و بەکارهێنانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و حووسییەکانی یەمەن، بەردەوام دەبێت لە فشارخستنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ژێرخانە مەدەنییەکانی سعوودیە.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا هێرشی ئاسمانی نوێی کردووەتە سەر ئێران، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) پلان بۆ هەڵمەتێکی ئاسمانی چڕی 10 بۆ 14 رۆژە دادەنێت بۆ لێدانی تواناکانی مووشەکی تاران.
دۆناڵد ترەمپ بە "ئەکسیۆس"ی راگەیاندووە، تاوتوێی بژاردەی هێرشێکی "مەزن و کوشندە" دەکات بۆ سەر ئێران کە هاوشێوەی نەبووبێت.
بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە، نرخی نەوت بۆ یەکەمجار لە دوای مانگی ئایاری رابردووەوە، بەربەستی 100 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک بڕی.
لە لایەکی دیکەوە، ئێران پێشنیازێکی وڵاتی عومانی رەتکردەوە بۆ دابەشکردنی کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بە شێوەیەکی یەکسان. کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە فەرمی رەتکردنەوەکەی راگەیاند، ئەمەش کۆتا هیوای دیپلۆماسی بۆ چارەسەری کێشەی گەرووەکە لەباربرد کە لە شوباتی 2026ەوە بووەتە چەقەی ململانێکان.
بەشداری راستەوخۆی سعوودیە لە هێرشەکانی رۆژی سێشەممە بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئامادەیی ریاز بۆ کردەوەی سەربازی راستەوخۆ بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی.
سعوودیە پێشتر لە ئازاری 2026 بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە هەناردەی نەوتی لە کەنداوەوە راگرت و گواستییەوە بۆ دەریای سوور، ئێستا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە تاران تەنیا زمانی هێز تێدەگات.
کۆبوونەوە یەک لە دوا یەکەکانی وەزیری بەرگریی سعوودیە لەگەڵ جێگری سەرۆک و خودی سەرۆک ترەمپ، نیشانەی ئەوەیە کە واشنتن و ریاز گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی هاوئاهەنگی بۆ وەڵامدانەوەی سەربازی و دیاریکردنی قۆناخی داهاتووی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران.