کوەیت: هێرشێکی ئێران بۆ سەر کۆمپانیایەکی چینی کوژراوێکی لێکەوتەوە
وەزارەتی بەرگریی کوەیت، رایگەیاند دەستدرێژییەکی ئێرانی باڵەخانەیەکی کۆمپانیایەکی چینی لە باکووری وڵات کردووەتە ئامانج و بە هۆیەوە کارمەندێکی کۆمپانیا چینییەکە گیانی لەدەستداوە.
پێنجشەممە 30ـی تەممووزی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری کوەیت، جارێکی دیکە خاکی ئەو وڵاتە لە لایەن ئێرانەوە کراوەتە ئامانج، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە هێرشەکەدا باڵەخانەی کۆمپانیایەکی چینی کراوەتە ئامانج و بە هۆیەوە کارەندێکی ئەو کۆمپانیایە گیانی لەدەستداوە، هاوکات زیانێکی ماددی زۆری بە باڵەخانەکە و دەوروبەری گەیاندووە.
لەمبارەیەوە، سعود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگری کوەیت، لە لێدوانێکدا گوتی: "دەستدرێژییەکی ئێرانی، باڵەخانەیەکی سەر بە یەکێک لە کۆمپانیا چینییەکانی لە باکووری وڵات کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا کارمەندێک گیانی لەدەستدا و زیانێکی ماددی گەورە بە باڵەخانەکە گەیشت."
ئاماژەی بەوەش کرد، کە دەستبەجێ دوای رووداوەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە رێکاری پێویست کردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە.
لە لایەکی دیکەوە، هێزە چەکدارەکانی کوەیت جەختیان لەوە کردەوە، بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بە بەرزترین ئاستی لێهاتوویی بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری، بە جۆرێک کە سەلامەتیی هاووڵاتییان و دانیشتووان پارێزراو بێت.