توێژینەوەیەک: تەمەنی مرۆڤ درێژ بووە بەڵام ساڵانی تەندروستبوونی کەمی کردووە

ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێی جیهانی دەریدەخات، هەرچەندە تێکڕای تەمەنی مرۆڤ لە جیهاندا رووی لە زیادبوون کردووە، بەڵام مرۆڤەکان ساڵانی کۆتایی تەمەنیان بە نەخۆشی بەسەر دەبەن. لەم نێوەندەدا تەنیا فەڵەستین وەک جیاوازییەکی جیهانی لەو هاوکێشەیە دەرکەوتووە.

توێژینەوەیەکی زانستی نوێ کە 204 وڵاتی جیهانی گرتووەتەوە، ئاشکرای کردووە کە بەرزبوونەوەی تێکڕای تەمەن هاوتای زیادبوونی ساڵانی تەندروستبوون نەبووە. ئێستا نزیکەی یەک لە هەر 7 کەس لە جیهاندا، لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیاندا بەدەست کێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنن.

بەپێی توێژینەوەکە، سینگاپوور لە پلەی یەکەمی جیهاندایە و تێکڕای تەمەنی هاووڵاتییانی لە 85 ساڵ تێپەڕیوە، ئەمەش بۆ سیستەمی پێشکەوتووی تەندروستی و بیمەی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە. بەڵام سەرەڕای تەمەن درێژییان، هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە نزیکەی 11.2 ساڵی تەمەنیان بە نەخۆشی بەسەر دەبەن؛ دیاردەیەک کە توێژەران بە "بۆشایی نەخۆشی" ناوی دەبەن.

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە نێوان ساڵانی 1990 بۆ 2023، تێکڕای تەمەن لە جیهاندا لە 64.6 ساڵەوە بۆ 73.8 ساڵ بەرزبووەتەوە، بەڵام کوالیتی ژیان و ساڵانی بێ نەخۆشی وەک پێویست گەشەی نەکردووە.

لە رووی رەگەزیشەوە جیاوازییەک دەبینرێت؛ ژنان تەمەنیان لە پیاوان درێژترە، بەڵام ساڵانی زیاتر بە نەخۆشییەوە دەناڵێنن. بۆ نموونە لە سینگاپوور، ژنان 4.4 ساڵ زیاتر لە پیاوان دەژین، بەڵام دوو هێندەی پیاوان ساڵانی تەمەنیان بە نەخۆشی بەسەر دەبەن.

توێژینەوەکە دەریدەخات کە دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تێکڕای 14 ساڵ، زۆرترین ماوەی ژیان بە نەخۆشی بەسەر دەبەن، دوای ئەویش ئوسترالیا و کەنەدا دێن. لەم نێوەندەدا فەڵەستین وەک تەنیا وڵاتی جیاواز لە جیهاندا دەردەکەوێت کە ئەو بۆشاییەی تێدا روو لە زیادبوون نییە.

سەبارەت بە هۆکارەکانیش، توێژەران دەڵێن ئازاری جومگەکان و ئێسک، کێشە دەروونییەکان، لاوازیی بیستن، شەکرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ، سەرەکیترین ئەو هۆکارانەن کە ساڵانی کۆتایی تەمەنی مرۆڤ تێکدەدەن. رەوتی توێژینەوەکەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەمەن درێژیی بە تەنیا پێوەری سەرکەوتن نییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە مرۆڤ ئەو ساڵانەی دەژی، بە تەندروستی و چالاکی بەسەری ببات.