سێ وەزارەت بۆ بەدواداچوونی دەستەبەرکردنی پشکی کوردستان لە قەرزە فیدراڵییەکان رادەسپێردرێن

سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سێ وەزارەتی راسپارد بۆ ئامادەکردنی سەرنج و تێبینیی یاسایی لەسەر پڕۆژەیاسای فیدراڵیی تایبەت بە قەرز و بەخشینەکان، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ماف و پشکی هەرێمی کوردستان لەو پارانەدا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوێکی فەرمی هەرسێ وەزارەتی داد، دارایی و ئابووری و پلاندانانی راسپاردووە بۆ بەدواداچوون و ئامادەکردنی تێبینی و سەرنجی یاسایی و دەستووری لەسەر پڕۆژەیاساکانی فیدراڵیی تایبەت بە قەرز، بەخشین و هاوکارییەکان. نووسراوەکە ژمارە 11474ـی هەیە و لە رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2026 دەرچووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی لەوە کرد، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە. لە بڕیارەکەشدا جەخت لە جێبەجێکردنی ماددەی 106ـی دەستووری عێراق کراوەتەوە، تێیدا هاتووە دەبێت هەرێمی کوردستان بەشی شایستەی خۆی لە هەر قەرز و هاوکارییەکی نێودەوڵەتی پێ بدرێت کە حکوومەتی فیدراڵی وەریدەگرێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، هەرێمی کوردستان بەشدار بووە لە دانەوەی قەرزە نێودەوڵەتییەکان و سوودەکانیان، بۆیە پێویستە لە کاتی دابەشکردنی قەرز و بەخشینەکاندا، مافە دەستوورییەکانی هەرێم وەک خۆی جێبەجێ بکرێن.

لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، ئەم پڕۆژەیاسایانە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر مافە دەستووری و داراییەکانی هەرێم هەیە. بۆیە پێویستە لە تەواوی قۆناخەکانی تاوتوێکردن و پەسەندکردنیاندا، بنەماکانی سیستمی فیدراڵی و دادپەروەری رەچاو بکرێن.