پێشوازی لە چەککردنی حەماس و پاشەکشەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەکرێت
راگەیاندنی فەرمیی رێککەوتنی 20 خاڵیی غەززە بۆ داماڵینی چەکی حەماس و پاشەکشەی قۆناخ بە قۆناخی سوپای ئیسرائیل، پێشوازیی گەرم و هەمەلایەنەی نێودەوڵەتیی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، فەرەنسا، بەریتانیا، کەنەدا و پاکستان لێکەوتەوە، و دۆناڵد ترەمپیش رایگەیاند کە تەلئەڤیڤ بە تەواوی بەم هەنگاوە دڵخۆشە.
هەینی 31ـی تەممووزی 2026، راگەیاندنی فەرمیی رێککەوتنی مێژوویی ئاشتی و داماڵینی چەکی حەماس لە کەرتی غەززە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، شەپۆلێکی بەرفراوان لە پێشوازی و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری جیهاندا بەدیهێنا.
هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، پلانەکەی بۆ چەککردنی حەماس بە هەنگاوێکی بنیاتنەر بەرەو ئاشتی ناوبرد، بەڵام جەختی کردەوە، بەدواداچوون بۆ پابەندبوونی حەماس ئالنگارییەکی گەورە دەبێت. کالاس ئامادەیی یەکێتی ئەوروپای نیشاندا بۆ پاڵپشتیکردنی جێگیرکردنی لێژنەی نیشتمانی و هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی، و سەرنجی خستە سەر بەخشینی 900 ملیۆن یۆرۆ وەک هاوکاریی مرۆیی لە لایەن یەکێتییەکەوە بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ کەرتی غەززە.
ئێد میڵیباند، وەزیری دەرەوەی نوێی بەریتانیا، لە راگەیەندراوێکدا پێشوازی لە رێککەوتنەکە کرد و داوای جێبەجێکردنی تەواوەتی پلانی 20 خاڵی و لابردنی خێرای سەرجەم رێگرییەکانی ئیسرائیلی کرد بۆ گەیاندنی هاوکاری، خۆراک و دەرمان بۆ سەر کەرتی غەززە. ئەو سوپاسی هەوڵە ماندوویینەناوەکانی ئەمریکا، قەتەر، تورکیا و میسری کرد.
پشتگیریی توندی فەرەنسا، کەنەدا و پاکستان
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، بە فەرمی پێشوازی لە چەککردنی حەماس کرد وەک مەرجێکی سەرەکیی جاڕنامەی نوێی نیویۆرک، و رایگەیاند کە پێویستە حەماس چەکەکانی رادەستی لێژنەی نیشتمانی بکات بەپێی بڕیاری 2803ـی ئەنجوومەنی ئاسایش، تاوەکو سوپای ئیسرائیل بتوانێت پاشەکشە بکات و هێزی نێودەوڵەتی جێگیر بکرێت بۆ هاوکاریکردنی پۆلیسی فەلەستینی.
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا پێشوازی لەم دەستکەوتە گرنگە کرد و سوپاسی وڵاتانی نێوەندگیری کرد. کەنەدا پابەندبوونی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بە بەهای زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار بۆ هاووڵاتیانی غەززە دووپاتکردەوە و بەردەوامی پشتگیرییەکانی بۆ پڕۆژەی دوودەوڵەتی و پاراستنی ئاسایشی خەڵکی فەلەستین راگەیاند.
شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، پێشوازی لەم پڕۆژەیە کرد و هیوای خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە هۆی دابینکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی فەلەستین و دامەزراندنی دەوڵەتە سەربەخۆ و خاوەن سەروەرییەکەیان لەسەر بنەمای سنوورەکانی پێش 1967 بە پایتەختبوونی قودسی شەریف.
پێشوازیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆشکی سپی
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم رێککەوتنەی بە تاکە هەواڵی دڵخۆشکەری ناوچەکە لە نێو جەنگی قورسی دژی ئێراندا ناوبرد و رایگەیاند: "تاکە هەواڵی باش لەم چەند رۆژەی رابردوودا، راگەیاندنی رێککەوتنی داماڵینی چەکی حەماس و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بوو لە غەززە." ئەو هاوکات هۆشداری دا، دەبێت شەڕ لەسەر سەرجەم بەرەکانی تر لە ناوچەکەدا رابگیرێت چونکە جەنگی کەنداو خەریکە دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی جیهانی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کەمپی سەرۆکایەتیی دەیڤد بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئیسرائیل بەم بڕیارە زۆر دڵخۆشە، و گوتی: "ئێمە لێک تێگەیشتنمان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و تەلئەڤیڤ زۆر دڵخۆشە بەم هەنگاوە، و هاوکارییەکی باشیان پێشکەش کردووین."
سعوودیە و قەتەر
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە پێشوازی لە راگەیاندنی فەرمیی رێککەوتنی مێژوویی داماڵینی چەک لە کەرتی غەززە کرد کە لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە راگەیەندرا، و داوای کشانەوەی تەواوی ئیسرائیل، جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی، و بە فەرمی ناسینی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەکات.
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ خەلیل حەیە، سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسیی حەماس، پێشوازی لە بڕیاری فەرمیی بزووتنەوەکە کرد بۆ پەسەندکردنی نەخشەڕێگای جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی رێککەوتنی ئاشتی لە کەرتی غەززەدا.
سەرۆک وەزیرانی قەتەر جەختی لەسەر گرنگیی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کردەوە، بە تایبەتی لە ڕێگەی فشار خستنە سەر ئیسرائیل بۆ پابەندبوونی تەواو بە بەڵێنەکانی لەژێر رێککەوتنەکەدا و راگرتنی سەرجەم پێشێلکارییە بەردەوامەکانی دژی مافەکانی مرۆڤ لە فەلەستیندا، تاوەکو زامنی جێبەجێکردنی دروستی نەخشەڕێگەکە و گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە کەرتی غەززەدا بکرێت.
ئەنجوومەنی ئاشتی غەززە نەخشەڕێگایەکی 15 خاڵی نوێی بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی هەمەلایەنەی دۆناڵد ترەمپ، لە غەززەدا بڵاوکردەوە، کە تێیدا رێکارەکانی کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل، رادەستکردنی کەرتی ئەمنی و کارگێڕیی غەززە بە لێژنەی نیشتمانی، و دابینکردنی 400 ملیۆن دۆلار بۆ قەرەبووکردنەوەی لایەنە زیان لێکەوتووەکان لەخۆدەگرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتن بە رێککەوتنێکی "مێژوویی" بۆ چەکداماڵینی تەواوەتیی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە کەرتی غەززە راگەیاند، ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی "پلانی 20 خاڵیی ترەمپ" بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت.
هەروەها بەرەبەیانی هەینی غازی حەمەد، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس، دووپاتی کردەوە، رەزامەندیی بزووتنەوەکەیان بۆ رێککەوتنی ئاشتیی گشتگیر، دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە فەڵەستینییەکان هاتووە و ئامانجی سەرەکی پاراستنی گەلی فەڵەستینە. ئاماژەی بەوەش کرد، حەماس سازشی سیاسی پێشکەش کردووە؛ بەڵام دەستبەرداری پرۆژە نیشتمانییەکەی نابێت.
ئەنجوومەنی ئاشتی
پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، لە یەکەم کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ئاشتی" لە واشنتن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، کە ئیدارەکەی 10 ملیار دۆلار لە رێگەی ئەنجوومەنەکەوە پێشکەش بە غەززە دەکات. هەروەها ئاشکرای کردبوو کە 9 وڵاتی هاوپەیمان بەڵێنیان داوە بە بڕی 7 ملیار دۆلار بەشداری لە پاکێجی فریاگوزاریی غەززەدا بکەن.
پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس) واژۆی لەسەر پەیماننامەی دامەزراندنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" کرد.
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا ئاماژەی دابوو، "ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، ئامانجمان کۆتاییهێنانە بەو ململانێیانەی کە هەندێکیان زیاتر لە 35 ساڵە بەردەوامن، هەروەها ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگی نوێ و چەسپاندنی سەقامگیری."
لە لایەکی دیکەوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی (ئیمارات، تورکیا، میسر، ئوردن، ئیندۆنیزیا، پاکستان، سعوودیە و قەتەر) لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بڵاوی کردبووەوە، پێشوازییان لە بانگهێشتەکەی ترەمپ کرد بۆ پەیوەستبوون بە "ئەنجوومەنی ئاشتی".