ترەمپ رێککەوتنێکی "مێژوویی" بۆ چەکداماڵینی حەماس لە غەززە رادەگەیەنێت

"غەززە چیتر نابێتەوە بە بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل"

سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتن بە رێککەوتنێکی "مێژوویی" بۆ چەکداماڵینی تەواوەتیی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە کەرتی غەززە راگەیاند، ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی "پلانی 20 خاڵیی ترەمپ" بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 31ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ترووس'، نووسیویەتی: "ئەنجوومەنی ئاشتی گەیشتووەتە رێککەوتنێکی مێژوویی سەبارەت بە چەکداماڵینی تەواوەتیی حەماس و گرسوپە چەکدارەکانی دیکەی غەززە".

دووپاتیشی کردەوە، ئەم هەنگاوە "وەرچەرخانێکی مێژووییە" بەرەو بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام و گەرەنتی کردنی ئاسایشی ئیسرائیل.

سەرۆکی ئەمریکا روونی کردەوە، رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی ئەوەی کەرتی غەززە لە لایەن حکوومەتێکی نوێی فەڵەستینییەوە بەڕێوە ببرێت، کە "بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاشتی کار دەکات بۆ هاوکاریکردنی گەلی فەڵەستین". لە بەرانبەریشدا ئیسرائیل ئەو ئاسایشەی دەستدەکەوێت کە شایستەیەتی و کەرتی غەززە چیدیکە وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکار ناهێنرێتەوە.

گوتیشی: ئەم ڕێککەوتنە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی "پلانی 20 خاڵیی مندایە و ڕێگە بۆ قۆناخێکی نوێی ئاشتی و ئاسایش خۆش دەکات.

 

جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بە چەند قۆناخێک

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنەکە بە چەند قۆناخێکی رێکخراو جێبەجێ دەکرێت. هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی چەکداماڵین، هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتەکە دەکشێنەوە و هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی، بە هاوکاریی دەزگایەکی نوێی پۆلیسی فەڵەستینی، بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی غەززە دەگرنە ئەستۆ.

هەروەها ترەمپ باسی لەو پێشکەوتنانە کرد کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا بە دی هاتوون و گوتی: "ساڵێک لەمەوبەر ناوچەکە شایەتی جەنگێکی فراوان، قەیرانی مرۆیی و دەستبەسەرکردنی بارمتەکان بوو، بەڵام هەوڵە دیپلۆماسییەکان بوونە هۆی ئەم پێشکەوتنە مێژووییە".

 

سوپاسکردنی نێوەندگیرەکان

ترەمپ سوپاسی نێوەندگیرەکانی کرد، لە سەروو هەمووشیانەوە میسر، قەتەر و تورکیا، و دەستخۆشی لەو رۆڵە کرد کە لە گەیشتن بەم رێککەوتنەدا گێڕاویانە. 

هەروەها ستایشی تیمی دانوستانکاری خۆی کرد و هەوڵە بەردەوامەکانیانی بە هۆکاری سەرەکیی ئەم "سەرکەوتنە مێژووییە" ناو برد.

 

جێبەجێکردنی پرۆسەکە لە چەند هەفتەی داهاتوودا

بەرپرسێکی "ئەنجوومەنی ئاشتی" رایگەیاند: دانوستانەکان سەبارەت بە کەرتی غەززە هێشتا بەردەوامن و میکانیزمێکی جێبەجێکردن بۆ بەندەکانی رێککەوتنەکە هەیە.

هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، کە ئیدارەی ئەمریکا بە نیازی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پلانی چەکداماڵینی حەماسە لە چەند هەفتەی داهاتوودا. ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو رێکخستنە نوێیانەی کە بۆ دۆخی ئەمنی و کارگێڕیی کەرتی غەززە دانراون.

 

حکوومەتێکی تەکنۆکرات

بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە، ئیدارەی واشنتن تاوتوێی پێکهێنانی حکوومەتێکی تەکنۆکرات دەکات بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە، کە ببێتە جێگرەوەی هەریەک لە دەسەڵاتی فەڵەستینی و بزووتنەوەی حەماس.

جەختیشیان لەوە کردەوە کە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ ئیسرائیل هەیە سەبارەت بە سەرجەم قۆناخەکانی پلانەکە.

 

"بزووتنەوەی حەماس هیچ رۆڵێکی نامێنێت"

بەرپرسێکی ئەنجوومەنی ئاشتی ئاماژەی بەوە کرد، بە پێی رێککەوتنەکە، حەماس هیچ رۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی غەززەدا نابێت و دەسەڵات دەگوازرێتەوە بۆ لایەنێکی نوێی فەڵەستینی.

بەرپرسێکی ئەمریکیش پشتڕاستی کردەوە، حەماس رەزامەندیی نیشان داوە لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە دوور بکەوێتەوە.

 

دیدگایەکی درێژخایەن

ئیدارەی ئەمریکا کار لەسەر دیدگایەکی درێژخایەن دەکات بۆ گۆڕینی غەززە بۆ ناوچەیەک کە توانای راکێشانی وەبەرهێنانی هەبێت و هەلی کار بڕەخسێنێت، نەک تەنیا پشت بە هاوکارییە مرۆییەکان ببەستێت.

"ئەنجوومەنی ئاشتی" سەرپەرشتی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتە نوێیەکە.

 

کاردانەوەی حەماس 

دوو بەرپرسی باڵای حەماس بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستیان کردەوە، گەیشتوونەتە رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و بەم زووانە راگەیەنراوێکی فەرمی بڵاو دەکەنەوە. 

ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد، چاوەڕێی گەرەنتی لە نێوەندگیرەکان دەکەن بۆ پابەندبوونی ئیسرائیل بە کشانەوە و وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.

بەرپرسێکی ئەمریکیش ئاماژەی بەوە کرد، ئێران هەوڵی داوە حەماس قایل بکات کە رێککەوتنەکە ڕەت بکاتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە پرۆسەی دانوستانەکان بکات؛ بەڵام هەوڵەکان تاران بێ ئاکام بووە.