سلێمانی.. یەکەمین کۆنسێرتی گرووپی میوزیکی 'کیژانی کوردستان' بەڕێوەدەچێت
گرووپی میوزیکی "کیژانی کوردستان"، کە لەلایەن هۆگر ڤایۆلین سەرپەرشتی دەکرێت، یەکەمین کۆنسێرتی خۆی لەژێر درووشمی "کیژانی کوردستان، دەنگی میوزیکی خاک و نەتەوەیەکین کە هەرگیز بێدەنگ نابین"، لە تەلاری هونەر لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ شەممە، 1ـی ئابی 2026، هۆگر ڤایۆلین، دامەزرێنەر و سەرپەرشتیاری گرووپی کیژانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەم کۆنسێرتە خەونێکە کە ماوەیەکی زۆر کاری بۆ کراوە. ئێمە تەنیا گرووپێکی گۆرانی نیین، بەڵکو پڕۆژەیەکی نەتەوەیین کە دەمانەوێت مۆسیقای کوردی وەک هێزێکی یەکخەرەوە بناسێنین و هەوڵمان داوە دەنگ و میوزیکی هەموو چوارپارچەی کوردستان لە یەک شانۆدا کۆبکەینەوە، بێ ئەوەی جیاوازییەکی ناوچەیی یان زاراوەیی هەبێت."
گوتیشی: "گرووپی کیژانی کوردستان لە 25 ژەنیار و 30 دەنگبێژ پێکهاتووە و هەموو ئەندامان بە دڵسۆزی و باوەڕێکی هاوبەش لە پڕۆژەکەدا بەشدارن. هەر ئەندامێک نوێنەری بەشێکە لە دەوڵەمەندیی کولتووری کوردستان و، ئەوەش وای کردووە کۆنسێرتەکە رەنگ و بۆنێکی تایبەتی هەبێت."
هۆگر ڤایۆلین باس لە بەرنامەی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکە دەکات و دەڵێت: "بەرنامەی کۆنسێرتەکە بە شێوەیەکی زانستی و هونەری ئامادە کراوە و هەڵبژاردنی گۆرانییەکان لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیکردنی هەموو زاراوە و ناوچەکانی کوردستان بووە. بینەر کاتێک لە هۆڵی کۆنسێرتەکە دادەنیشێت، هەست دەکات گوێ لە دەنگی هەموو کوردستان دەگرێت. لە گۆرانییە فولکلۆرییەکانەوە تا بەرهەمە نیشتیمانییەکان، هەموویان بە شێوازێکی کۆڕاڵی و مۆدێرن پێشکەش دەکرێن."
دەربارەی گرنگیی درووشمی گرووپەکە، هۆگر ڤایۆلین دەڵێت، "درووشمی کیژانی کوردستان، دەنگی میوزیکی خاک و نەتەوەیەکین کە هەرگیز بێدەنگ نابین، درووشمێکی راگەیاندن نییە، بەڵکو پەیمانێکە لەگەڵ گەلەکەمان. ئێمە باوەڕمان وایە تا کاتێک مۆسیقای کوردی زیندووە، ناسنامە و مێژووی ئەم نەتەوەیەش زیندوو دەبێت. ئێمە دەمانەوێت دەنگی ژنان لە بواری مۆسیقا زیاتر ببیسترێت و ببێتە بەشێکی کاریگەر لە پاراستنی میراتی هونەری کورد."
سەرپەرشتیاری گرووپی میوزیکی کیژانی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم یەکەم کۆنسێرتە تەنیا دەستپێکی رێگەی گرووپی میوزیکی کیژانی کوردستانە و پلان هەیە لە داهاتوودا کۆنسێرت و چالاکیی هونەری لە شارەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها لە دەرەوەی وڵاتیش بەڕێوەببرێن. هیوادارین ئەم پڕۆژەیە ببێتە سەرچاوەی هیوای جیلی نوێی هونەرمەندان و ئەوە نیشان بدات کە هونەر دەتوانێت هەموو کوردان لە ژێر یەک دەنگ و یەک ئاڵادا کۆبکاتەوە."
یەکەمین کۆنسێرتی گرووپی میوزیکی "کیژانی کوردستان"، بڕیارە رۆژی چورشەممە، 5ـی ئابی 2026، لە تەلاری هونەر لە سلێمانی بەڕێوەبچێت.
گرووپی میوزیکی "کیژانی کوردستان"، بە ئامانجی یەکخستنی تواناکانی ئافرەتان لە بواری موزیکدا دامەزراوە. ئەم گرووپە 25 ژەنیار و 30 دەنگبێژی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان کۆکردووەتەوە بۆ دروستکردنی دەنگێکی هاوبەش و فرەڕەنگ.

