عێراقچی: ئێران بۆ وەڵامێکی یەکلاکەرەوە دژی هەر دەستدرێژییەکی ئەمریکا ئامادەیە

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی جیادا لەگەڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوایین پەرەسەندنەکانی رەوشی ناوچەکەی تاوتوێ کرد. 

شەممە 1ـی ئابی 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەریەکە لە عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاکستان، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، لێکەوتەکانی جەنگ و پەرەسندنەکانی ئەم دوایەی ناوچەکە و مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییەکانیان تاوتوێکرد. 

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا لە هەر جۆرە سەرکێشییەکی سوپای ئەمریکا و جەختی لەسەر ئامادەیی تەواوی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی، یەکپارچەیی خاک و ئاسایشی وڵاتەکەی. 

عێراقچی جەختی کردووەتەوە، تاران بە شێوازێکی یەکلاکەرەوە و توند وەڵامی هەر جۆرە رەفتارێکی شەڕانگێزی و هێرشەکانی ئەمریکا دەداتەوە کە سەروەریی وڵاتەکەی بکاتە ئامانج.