سێنتکۆم: گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەردەوامە

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم ) رایگەیاند، گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوامە، ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانیان هەڵیانکوتاوەتە سەر دوو کەشتی و لە کاریان خستوون. 

یەکشەممە 2ـی ئابی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاوی کردەوە، فڕۆکەیەکی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری (F-35C Stealth)ی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکا لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لیکڵن لە کاتی تێپەڕبوونی بە دەریای عەرەبدا فڕیوە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پشتیوانیکردنی ئەو گەمارۆیەدایە کە ئەمریکا بەسەر ئێرانی دا سەپاندووە.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوە داوە، تا رێکەوتی 2ـی ئاب، هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا رێڕەوی 35 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، 2 کەشتییان لەکارخستووە و هەروەها پشکنینیان بۆ 2 کەشتیی دیکە ئەنجام داوە.

ئەم چالاکییە سەربازییانە نیشاندەری بەردەوامیی گوشارەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا بۆ کۆنترۆڵکردنی رێڕەوە ئاوییەکان و جێبەجێکردنی گەمارۆکانی سەر تاران.

پێشتر مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس نیوز روونی کردەوە، ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا پشتیان بە هەڕەشەی بێناوەرۆک و رێککەوتنی جێبەجێ نەکراو بەستبوو، ئەمەش وایکردووە ئێران رابێت لەسەر نەبوونی سزای راستەقینە و نەبوونی رێگرییەکی جددی.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئیدارەی ترەمپ ئەم هاوکێشەیەی گۆڕیوە و رەتیکردەوە رێگە بدات ئێران هێزی سەربازیی بۆ پاراستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دروست بکات. بە وتەی رۆبیۆ، ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران و زیادکردنی فشارەکان بۆ ئەوەی تاران ناچار بێت بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

روبیۆ جەختی کردەوە، "مەبەستەکە لادانی دەسەڵاتەکە نییە بەو شێوە کلاسیکییە، بەڵکو پێویستە دەسەلاتەکە بگۆڕێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پێویستی گۆڕینی رەفتار و سیاسەتە نێودەوڵەتییەکانی تاران.

لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر جەختی کردبووەوە، واشنتن بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی ئێران تا ئەو کاتەی بە شێوەیەکی جددی دەگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکان.