پەرلەمانتارێکی ئێرانی: نێوەندگیرەکان هەوڵی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئیسلام ئاباد دەدەن

گوتەبێژی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند نێوەندگیرەکان هەوڵ دەدەن بۆ زیندووکردنەوەی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە ئیسلام ئاباد واژۆ کرا و بۆ ماوەیەکی کورت لە مانگی حوزەیراندا جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکای راگرت.

یەکشەممە 2ـی ئابی 2026، حەسەن قەشقاوی، گوتەبێژی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکان، بەتایبەت لە لایەن نێوەندگیرەکانەوە، چڕکراونەتەوە بۆ کارکردن لەسەر رێککەوتنە 14 خاڵییەکەی ئیسلام ئاباد، گوتیشی: "هەمووان دەزانن کە ئێستا کرۆکی بابەتەکە پرسی گەرووی هورمزە، بۆیە ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەمبارەیەوە بەردەوامە."

ئەم رێککەوتنە کە بە ناوەندگیری قەتەر و پاکستان گەیشتە ئەنجام، چەندین رێککاری پەیوەست بە گەرووی هورمز و دەستپێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لە نێوان تاران و واشنتن لەخۆگرتبوو بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیرتر، هەروەها بڕگەیەکی تێدا بوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە لوبنان لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا، بەڵام دواتر بەهۆی تۆمەتبارکردنی یەکتری لە لایەن ئەمریکا و ئێرانەوە، رێککەوتنەکە هەڵوەشایەوە.

ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی شەممە رایگەیاند، واشنتن و ئیسرائیل لەسەر داوای تاران و چەند وڵاتێکی ناوچەکە رازی بوون بە هەڵپەساردنی ئەو هێرشانەی کە پلانیان بۆ داڕێژرابوو بۆ سەر ئێران، بە مەرجێک بە زووترین کات بگەینە رێککەوتن.

ترەمپ لە پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "لە پێناو بەرژەوەندیی داهاتووی جیهان و مانەوەی ئێران وەک وڵاتێکی سەرکەوتوو، رەزامەندیم دا بە هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکە، بەو مەرجەی بە خێرایی رێککەوتن بکرێت، ئیسرائیلیش لەم پابەندبوونەدا هاوبەشە."