وەزیری تەندروستیی عێراق بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەرخی لە کارەکەی دوورخستەوە
وەزیری تەندروستیی عێراق، بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەرخی گشتیی لە بەغدا، ئەوەش دوای گەشتێکی مەیدانی لەناکاو تێیدا پەردە لەسەر خراپیی دۆخی تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەکە لادرا.
عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند: "لە کاتی بەسەرکردنەوەیەکی کتوپڕدا بۆ نەخۆشخانەی کەرخی گشتی، زنجیرەیەک رێکاری کارگێڕی و رێکخستنی گرتەبەر، لەوانە؛ لادانی بەڕێوەبەری ئێستای نەخۆشخانەکە لە پۆستەکەی و راسپاردنی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پشکنین لە وەزارەت بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکە بە وەکالەت بۆ ماوەی دوو هەفتە."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، وەزیر مەرجی داناوە لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا، پلان و دیدگایەکی گشتگیر بۆ بوژاندنەوەی دۆخی نەخۆشخانەکە و باشترکردنی ئاستی ئەدا و خزمەتگوزارییە چارەسەرییەکان و دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان پێشکەش بکرێت.
هەر لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا، وەزیری تەندروستی جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوونی ستافە پزیشکی و کارگێڕییەکان بە بەرپرسیارێتییەکانیان کردەوە و رایگەیاند، پێویستە خزمەتگوزارییەکی تەندروستی شایستە پێشکەش بە هاووڵاتییان بکرێت کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییە دەستبەجێیەکانیان بێت.
بعد جولة كشفت تردي الخدمات.. وزير الصحة يعفي مدير مستشفى الكرخ ويكلف مدير التفتيش بإدارته مؤقتاً pic.twitter.com/3Infsgs3dI
— Kurdistan24 عربية (@arabick24) August 3, 2026