هەولێر.. لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا نمایشێکی هونەری و فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری پێشکەش دەکرێت
رێبین چالاک، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، نمایشێکی تایبەتی هونەری و فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریی لە گەلەری جیهان لە هەولێر نمایش دەکات و دەڵێت، "لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان، نمایشکردنی ئەم ماسکانە و هەروەها پێشاندانی فیلمی دۆکیۆمێنتارییەکە، هەوڵێکە بۆ رێزلێنان لە خۆڕاگری و ئازایەتی ئەو ئافرەتانەی کە لە تاریکترین ساتەکانی ژیانیاندا هێزی مانەوەیان پاراست.
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ی ئابی 2026، رێبین چالاک، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم پرۆژەیە لە ئەنجامی ئەو کارەساتە مرۆییە گەورەیەوە لەدایک بوو کە لە ساڵی 2014 بەسەر گەلی ئێزدی هات، کاتێک رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشی کردە سەر شنگال و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی ئێزدییەکان، هەزاران مرۆڤ کوژران، هەزارانی دیکە ئاوارە بوون و ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەت و منداڵ دەستگیر کران. ئەو ئافرەتانە تووشی ناشرینترین جۆرەکانی توندوتیژی، دەستدرێژی بوونەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ئازارانەشدا، خۆڕاگر بوون و هەندێکیان توانییان لە دەستی داعش رزگاریان ببێت."
گوتیشی، "لەو ماوەیەدا دەستم کرد بە تۆمارکردنی چیرۆک و بەڵگەیی ئەو ئافرەتانە، نەک تەنیا وەک رۆژنامەنووس یان تۆمارکەرێکی بەڵگەنامە، بەڵکو وەک مرۆڤێک کە هەستم بە قووڵی ئەو ئازارە دەکرد. گوێگرتن لە چیرۆکی هەر یەکێک لەوان بۆ من ئەزموونێکی زۆر قورس بوو، چونکە هەر چیرۆکێک جیهانێک لە ئازار، ترس، بێبەشی و هەروەها ئیرادەی مانەوەی لەخۆ گرتبوو."
رێبین چالاک باس لە تۆمارکردنی بەڵگەی ڤیدیۆیی ئافرەتە ئێزدییەکان دەکات و دەڵێت، "پاش تۆمارکردنی بەڵگەی ڤیدیۆیی هەر ئافرەتێک، بیرم لەوە کردەوە کە چۆن دەتوانرێت ئەم چیرۆکانە بە زمانێکی هونەری بگەنە خەڵکی جیهان، بەبێ ئەوەی ناسنامە و کەسایەتی ئەو ئافرەتانە بخرێتە مەترسییەوە. لەوێوە بیرۆکەی دروستکردنی ماسک لە رووخساری ئەو ئافرەتانە لەدایک بوو. هەر ماسکێک تەنیا وێنەی رووخسارێک نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی زیندووی مێژووە؛ بەڵگەیەک بۆ ئەوەی جیهان لەبیری نەکات چی بەسەر ئەم ئافرەتانە هاتووە."
دەربارەی دروستکردنی ماسک و چیرۆکی پڕ لە ئازاری ئافرەتانی ئێزدی، رێبین چالاک دەڵێت، "لە روانگەی منەوە، ئەم ماسکانە نوێنەری هەزاران ئافرەتن کە دەنگیان نەگەیشتە جیهان. هەر یەکەیان چیرۆکی ژیان، ئازار، خۆڕاگری، هیوای گەڕانەوە بۆ ژیان و پێداگری لەسەر پاراستنی ناسنامەی ئێزدی لەخۆ دەگرێت. بۆیە ئەم کارە تەنیا نمایشکردنی بەرهەمی هونەری نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ پاراستنی یادەوەری قوربانییەکان و بۆ ئەوەی ئەم جۆرە تاوانانە هەرگیز دووبارە نەبنەوە."
ئەو هونەرمەندە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی باس لەو پڕۆژەیە دەکات و دەڵێت، "زۆر گرنگ بوو بۆم کە ئەم پرۆژەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیش ببینرێت. بەشداربوونی لە نمایشگەی نێودەوڵەتی چالاکیی مەدەنی لە بینالەی ڤینس ساڵی 2019 و پاشان نمایشکردنی لە مۆزەخانەی مافی مرۆڤی کەنەدا، هەلێکی گەورە بوو بۆ ئەوەی دەنگی ئافرەتانی ئێزدی بگاتە خەڵکی جیهان و ئەو کارەساتەی بەسەریان هاتووە وەک بەشێک لە مێژووی مرۆڤایەتی تۆمار بکرێت."
رێبین چالاک گوتیشی، "هیوادارم هەر کەسێک ئەم نمایشە دەبینێت، تەنیا بە چاوی هونەر سەیری نەکات، بەڵکو وەک بانگەوازێک بۆ ویژدانی مرۆڤایەتی، بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ، پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و دووبارە نەبوونەوەی جینۆساید و هەر جۆرە توندوتیژییەک دژی ئافرەتان و گەلان لە جیهاندا لێی بڕوانێت. ئەو ئافرەتانە قوربانی تەنیا نین؛ ئەوان هێمای خۆڕاگری، هیوای ژیان و سەرکەوتنی ئیرادەی مرۆڤن، و ئەرکی ئێمەش ئەوەیە چیرۆکەکانیان بپارێزین و بگەیەنینە نەوەکانی داهاتوو."
لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، نمایشێکی تایبەتی هونەری و فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریی، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 3ی ئابی 2026، لە گەلەری جیهان لە هەولێر نمایش بکرێت.
رێبین چالاک، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لەساڵی 1986 لە کۆیە لەدایکبووە. لە بوارەکانی شێوەکاری، فۆتۆگرافی، فێرکاری هونەر و بەڕێوەبردنی پرۆژە کولتوورییەکان چالاکە. دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانییە و ئێستا وەک مامۆستا لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان کار دەکات. هەروەها لە چەندین پێشانگە و پرۆژەی نێودەوڵەتی بەشداری کردووە و لە بواری بەرهەمهێنانی فیلمی دۆکیۆمێنتاری و پڕۆژەکانی مافی مرۆڤ و کولتووریش ئەزموونی هەیە.