ژنە چەقۆوەشێنەکەی لەندەن دەستگیرکرا
پۆلیسی لەندەن ئاشکرای کرد، ژنێکیان بە تۆمەتی تێوەگلان لە بریندارکردنی چوار پیاو لە ناوچەی "کۆڤێنت گاردن"ی گەشتیاری لە ناوەندی شار دەستگیر کردووە.
چوارشەممە 5ـی ئابی 2026، پۆلیسی لەندەن رایگەیاند، ئەو ژنەی تۆمەتبارە بە هێرشکردنە 4 پیاو و بریندارکردنیان بە بەکارهێنانی چەقۆ دەستگیرکراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، رووداوەکە کاتژمێر 12:30ـی نیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆ روویداوە و هێزەکانی پۆلیس لەو گەڕەکەی کە بە شانۆکان ناسراوە، چوار پیاوی برینداریان دۆزیوەتەوە کە تەمەنیان لە نێوان 34 بۆ 52 ساڵدایە.
پۆلیسی ئاماژەی بەوەشکردووە، رێکارە پزیشکییە بەپەلەکان لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنی لەندەنەوە بۆ بریندارەکان ئەنجامدراون، بەڵام گوتەبێژی تیمەکان وردەکاری زیاتری دەربارەی ئاستی مەترسی برینەکانیان ئاشکرا نەکردووە.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەری زۆرە ئەم هێرشە پەیوەندی بە کێشەی تەندروستی دەروونییەوە هەبێت و هیچ ئاماژەیەکی تیرۆریستی لەپشتەوە نییە.
دوای دەستگیرکردنی ژنە تۆمەتبارەکە کە تەمەنی 47 ساڵە رادەستی بنکەی پۆلیس کراوە و لە ئێستادا بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک و ئەنجامدانی هێرشەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
لەو بارەیەوە، رووماڵە میدیاییەکان، لەوانە کەناڵی "سکای نیوز"، دیمەنی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەرێکی فریاکەوتنیان لە گۆڕەپانی "ترافالگار" نیشانداوە، کە بۆ هاوکاریکردنی تیمە تەندروستییەکان رەوانەی ناوچە گەشتیارییەکە کرابوو.
رێوشوێنە ئەمنییەکان لە دەوروبەری کۆڤێنت گاردن تا ئێستا بەردەوامن و پۆلیس ناوچەکەی گەمارۆ داوە تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان لە شوێنی رووداوەکە.