زانکۆی کۆبانێ؛ گۆڕینی زمانی خوێندن بۆ عەرەبی کێشە بۆ قوتابیان دروست دەکات
لە زانکۆی کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان، بەشێکی بەرچاو لە قوتابیان بەهۆی خوێندن بە زمانی عەرەبی رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە. ئەو قوتابیانەی کە تەواوی قۆناخەکانی پێشووی خوێندنیان بە زمانی کوردی بڕیوە، ئێستا لە قۆناخی زانکۆدا لە تێگەیشتنی وانەکان بە زمانی عەرەبی کێشەیان بۆ دروست بووە و داوا دەکەن وانەکان بە زمانی دایکیان پێشکەش بکرێن.
ژمارەیەک لە قوتابیانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دوای تەواوکردنی قۆناخەکانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی بە زمانی کوردی، کاتێک دەگەنە زانکۆ، رووبەڕووی ئاستەنگی زمانی خوێندن دەبنەوە. قوتابیان دەڵێن، کاتێک وانەکان بە زمانی عەرەبی پێشکەش دەکرێن، ئەوان هیچ لە بابەتەکان تێناگەن و داوا دەکەن پرۆسەی خوێندن لە زانکۆشدا هەر بە زمانی کوردی بێت.
مستەفا مۆرو، مامۆستا لە زانکۆی کۆبانێ سەبارەت بەو کێشەیە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "راستە بەشێک لە قوتابیان ئەو کێشەیەیان لەگەڵ زمانی عەرەبی هەیە، بەڵام بەشێک لە ماددە و وانەکان لە بنەڕەتدا بە زمانی عەرەبی بۆ قوتابیان دانراون، بۆیە ناکرێت ئەمساڵ گۆڕانکاری بکرێت و وانەکان بکرێنە کوردی."
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک وانە هەن ناکرێت بە زمانی دیکە پێشکەش بکرێن، چونکە چەمک و زاراوەکانیان بە زمانی عەرەبی یان ئینگلیزین.
بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، هەرچەندە بەشێک لە مامۆستایان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی قوتابیان کە وەڵامی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە بە زمانی کوردی بدەنەوە، بەڵام قوتابیان ئەمە بە چارەسەری بنەڕەتی نازانن و داوای گۆڕینی زمانی وانەوتنەوە دەکەن.
زانکۆی کۆبانێ لە ساڵی 2017ـەوە پرۆسەی خوێندنی بە زمانی کوردی دەستپێکرد، بەڵام دواتر لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری زانکۆکەوە بڕیاردرا لە کاتی کردنەوەی هەر بەشێکی نوێدا، وانەکان بە زمانی عەرەبی پێشکەش بکرێن، بەگوێرەی ئامارەکان، ئێستا نزیکەی 4000 قوتابی لە 24 بەشی جیاواز لە زانکۆی کۆبانێ دەخوێنن و تاوەکو ئێستاش 6 خولی دەرچوونی بەکالۆریۆس و 3 خولی ماستەر لەو زانکۆیەدا تەواو کراون.
ئەو داواکارییانە لە کاتێکدایە، کۆمەڵەی قوتابیانی عەفرین و حەلەب لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا هۆشدارییان داوە لە هەوڵەکانی گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن و دەڵێن، ئەوان لە قۆناخی بنەڕەتییەوە تاوەکو پۆلی 12 بە زمانی کوردی و بەپێی پرۆگرامی "رێبەرایەتی خۆسەر" خوێندوویانە، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی پرۆگرامی عەرەبی وەزارەتی پەروەردەی سووریا بەسەریاندا، بە پێشێلکردنی مافەکانیان و تێکدانی پاشەڕۆژیان دەزانن. ئەو قوتابیانە داوا دەکەن بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 کار بە پرۆگرامە کۆنەکەیان بکرێت و پۆلی 12 لە هەر گۆڕانکارییەک بەدوور بگرێت، تا ئەو کاتەی پرۆگرامێکی یەکگرتوو بۆ تەواوی سووریا ئامادە دەکرێت کە مافی هەموو لایەک تێیدا پارێزراو بێت.