پۆلیسی دارستانی سلێمانی: تۆمەتباری ئاگرکەوتنەوەکەی گوندی (کانی خان) دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026 رایگەیاند؛ لە دوو رۆژی رابردوودا ئاگرێکی فراوان لە سنووری گوندی (کانی خان) لە قەزای دووکان کەوتەوە. بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی 30 دۆنم لە لەوەڕگا، پۆش و پاوان، دارستانی سروشتی و رەز و باخی هاووڵاتیان سووتان.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە؛ دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی مێرگەپان، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد بۆ هۆکاری رووداوەکە دەستیپێکرد. لە ئەنجامدا توانرا کەسێک بە تۆمەتی هۆکاربوون لە کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستگیر بکرێت.

ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە رێکخراوە و رەوانەی دادوەر کراوە، بە مەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەری.