ئالان حەمە سەعید: لە خوێندنی پیشەیی رێفۆرمێکی گەورەمان دەستپێکردووە
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتەکەیان کار بۆ رێفۆرمێکی ریشەیی لە خوێندنی پیشەیی دەکات و سیستمی خوێندن لەو بوارەدا لە کلاسیکەوە بۆ هاوچەرخ گۆڕدراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆگرامە کۆنەکانی ساڵانی 1970 و 1980 لادراون و پرۆگرامی نوێی ساڵی 2023 و 2024 خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی پێنجشەممە 6ی ئابی 2026، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "بابەتی خوێندنی پیشەیی رێفۆرمێکی گرنگە، ئێمە سێ ساڵ لەمەوبەر لە هەولێر دەستمان پێکرد کاتێک پەیمانگەیەکی پیشەییمان بە سیستمی هاوچەرخ، بە زمانی ئینگلیزی و بە دانانی مامۆستای نوێی راهێنراو کردەوە و توانیمان ئامانجی گرنگ بەدەستبهێنین."
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، دوای سەرکەوتنی ئەزموونەکە لە هەولێر، گواستوویانەتەوە بۆ سلێمانی و دواتر لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گرنگیدان بە دەڤەرەکە، لە کفریش هەمان پەیمانگەیان کردووەتەوە. گوتیشی: "ئەمساڵ هەمان ئەزموونمان بۆ دواناوەندییە پیشەییەکانیش گواستووەتەوە و چوار ئامادەیی لە هەولێر، ئامادەییەک لە سلێمانی و ئامادەییەک لە دهۆک وەک (پایلۆت) دیاری کراون."
سەبارەت بە شێوازی خوێندن لەو ناوەندانەدا، ئالان حەمە سەعید روونی کردەوە، ساڵی یەکەم پۆلی 10 دەبێتە بناخە بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی و هەندێک ماددەی دیکە، لە ساڵانی دووەم و سێیەمیشدا پەیڕەوی سیستمی دوانەیی دەکرێت؛ بە جۆرێک بەشێک لە وانەکان لەنێو هۆڵەکانی خوێندن بە تیۆری دەبێت و بەشەکەی دیکەی بە پراکتیکی لە شوێنەکانی کار و بەپێی پسپۆرییەکان دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری پەروەردە ئاشکرای کرد، پسپۆرییەکان لە پێنج پسپۆرییەوە بۆ 15 پسپۆری فراوان کراون و چیتر پرۆگرامە کۆنەکانی ساڵانی 1970 و 1980 بەکارناهێنرێن، بەڵکو پرۆگرامی نوێی ساڵانی 2023 و 2024 و بەرەو سەرتر پەیڕەو دەکرێن. جەختیشی کردەوە کە ئەرکی وەزارەت پێگەیاندنی کەسی کارامەیە بۆ ئەوەی دوای تەواوکردنی خوێندن، بازاڕی کار خۆی داوایان بکات.