ئۆردۆغان سبەی سەردانی سعوودیە دەکات

سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئۆردۆغان بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە سعوودیە، ئاماژەی بەوەشکردووە،  پرسی گەرووی هورمز تەوەری سەرەکی سەردانەکەی دەبێت. 

پێنجشەممە 6ـی ئابی 2026، بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، رایگەیاند، "ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سبەی هەینی 7ـی ئاب سەردانی سعوودیە دەکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، بابەتی گەرووی هورمز و گرژییەکانی ئەم دوایەی ناوچەکە تەوەری سەرەکی سەردان و کۆبوونەوەکانی دەبێت.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، لە میانی سەردانەکەدا، بڕیارە ئۆردۆغان لەگەڵ محەممەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعوود، شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیرانی عەرەبستانی سعوودیە، و هەروەها لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کۆببێتەوە."

ئەم سەردانەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ سعوودیە، هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە لایەک، لە لایەکی دیکە گرژییەکانی نێوان سعوودیە و حوسییەکانی یەمەن باردۆخی ناوچەی گەرووی باب ئەلمەندەبی تووشی گرژی و ئاڵۆزی کردووە و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.