ترەمپ: نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت
سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، ئێران هێندە لاوازبووە چیدیکە بەرگەی جەنگ ناگرێت، جەختیشی کردەوە، لەگەڵ تاران لە دانوستان بەردەوامن و بە زوویی جەنگەکە کۆتایی پێدێت.
پێنجشەممە 6ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ئۆڤاڵ ئۆفیس لە کاتی واژۆکردنی چەند پرۆژە بڕیارێکی نوێ تایبەت بە وڵاتەکەی گوتی،" لەگەڵ حکوومەتی تاران لە دانوستاندان و بەمزووانە جەنگ کۆتایی پێدێت، ئاماژەی بەوەشکرد، چیتر ئێران بەرگە جەنگ ناگرێت و بە تەواوەتی لاواز بووە".
لە بارەی گەرووی هورمز ترەمپ گوتی،" ئێران کۆنتڕۆڵی گەرووەکەی نەکردووە و ئێستا کراوەیە، بەڵام تاران جار جارە بە چاندنی مینێک یان هێرشێک بارودۆخی گەرووەکە تێکدەدات، چونکە خەڵک نایەوێت کەشتییە بازرگانییەکەی بە هۆی هێرشێکەوە لەناوبچێت، هاوکات گوتیشی،" گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی رێککەوتن دەکرێت و جەنگەکە کۆتایی پێدێت".
سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ترەمپ جەختی کردەوە، هەرگیز رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە بە هەبوونی ئەو چەکە ئێران دەبێتە هەڕەشەیکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
لە بارەی بەرزبوونەوە و قەیرانی وزە بە تایبەت نرخی نەوت سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێستا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە نێوان 75 بۆ 85 دۆلارە، گوتیشی، ئەو نرخە هێشتا بەرزە و دەبێت نەوت زیاتر نرخەکەی داببەزێندرێت و لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەو مەبەستە".
هەروەها لە وەڵامی پرسارێک لە بارەی دەنگدان بە جەی دی ڤانس بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2028، ترەمپ گوتی، گوێبیستی ئەو دەنگۆیانە بوومە کە گوایە من گوتوومە دەنگ بە ڤانس بدەن، بەڵام ئێستا دەڵێم،" جارێ زووە تا بڕیاری کۆتایی بدەم لەبارەی ئەوەی خەڵک دەنگ بە جەی دی ڤانس بدەن".
ئەم قسانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە هات، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، شانۆی دیپلۆماسیەت لەگەڵ واشنتن شکستی هێناوە، هەروەها گوتیشی،" ئەگەر ئەمریکا دانوستان و رێککەوتنی دەوێت دەبێت پابەندبوون و جێبەجێکردن بە کردار بسەلمێنێت نەک تەنها بە گوتار و هەڕەشەکردن".
هاوکات قالیباف گوتی،" ئەو ستراتیژییەتانەی کە پشتبەستوون بە هەڕەشە و ملپێکەچکردن، شکاندنی بەڵێنەکان و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، پلانێکی شکست خواردووە و کۆتایی بەو جۆرە دیپلۆماسیەتە هاتووە.