عێراق هێزەکانی خستە ئامادەباشیەوە، سعوودیەش دەڵێت هێرشمان بکرێتە سەر وەڵام دەدەینەوە

راگەیەندراوێکی فەرمی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڵاوکرایەوە، تێیدا زنجیرەیەک بڕیاری توندی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی ئەمنی و سەربازی لە وڵاتدا دەرکردووە، لەبەرامبەردا سعوودیە و ئەمریکا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک دەکەن لە عێراقەوە ئەنجامبدرێت.

هەینی 7ـی ئابی 2026، فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، چەند رێنماییەکی بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی دەکرد، بە گوێرەی رێنماییەکان، رێگری دەکرێت لە هەر جووڵەیەکی کاروانە سەربازییەکان بەبێ مۆڵەتی فەرمی و پێشوەختە، هەروەها فەرمان کراوە بە بڵاوەپێکردنی چەک و تەقەمەنی و کەرەستە قورسەکان لە ناو سەربازگەکاندا وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر بارودۆخێکی کتوپڕ.

هاوکات رۆڵی هەوڵە هەواڵگرییەکان و چاودێری ئاسمانی بە شێوەیەکی بەرچاو چالاك دەکرێن و خراونەتە پێشینەی کارەکانی هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەر جموجۆڵێکی گوماناوی، هەروەها رێکخستنەوەی بازگە سەرەکییەکان و بەهێزکردنیان بە هێزی شەڕکەر و ئەفسەرانی پسپۆڕ دەستی پێکردووە، هاوکات بەڕێوەبردنی بازگەکانی دەروازەی پارێزگاکان رادەستی فەرمانگەی کاروباری بازگەکان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەکرێت.

هەر بە پێی رێنماییەکان، رەوانەکردنی فیرقەی نۆیەمی زرێپۆش و فیرقەی 25ـی پیادە بۆ ناو حاڵەتی ئامادەباشی تەواو بڕیاری لێ دراوە و فەرمانی پێویستیان پێ گەیشتووە بۆ جێگیربوون لە شوێنە ستراتیژییەکان.

ئاماژە بەوەشکراوە، رێگاکان و ئەو ناوچانەی ئەگەری چالاکی تێکدەرانە یان تەقەکردنیان لێ دەکرێت، لە لایەن مەفرەزە سەربازییەکانەوە دەخرێنە ژێر چاودێری ورد و بۆسەی بەردەوامەوە، جەخت لەوەشکراوەتەوە، رێبەر و فەرماندەی یەکە ئەمنییەکان و ئامرەکان بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆ دەگرنە ئەستۆ بۆ ڕێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی توند دەبنەوە.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردستان24ـی راگەیاند، گرووپە چەکدارەکان بە نیازن هێرش بکەنە سەر سعوودیە، هاوکات ئەو سەرچاوەیە گوتیشی،" ئەو گرووپانەی سەر بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامین بەشداری لە هێرشەکاندا دەکەن. 

لە بەرامبەردا سعوودیە و ئەمریکا هۆشداریان داوەتە عێراق و رایانگەیاندووە، هەر هێرشێک لە ناو خاکی عێراقەوە بۆ سەر خاکی سعوودیە ئەنجام بدرێت، ریاز وەڵامێکی توندی دەبێت.