تورکیا: 104 کەس بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندییان بە داعش دەسگیرکران
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا لە 30 پارێزگای جیاوازی وڵاتەکە، 104 کەسیان بە گومانی پەیوەندی بە رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە دەستگیر کردووە.
هەینی 7ـی ئابی 2026، بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی ناخۆی تورکیا، ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە لایەن فەرماندەیی جەندەرمەوە ئەنجام دراون، هاوکات لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە دەستگیرکراوەکان لە رێگەی کەسانی پەیوەندیدار و کۆمەڵەی بەناو خێرخوازییەوە هاوکاری داراییان بۆ داعش دابین کردووە. جگە لەوەش، تۆمەتبارن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ رێکخراوەکە کردووە و ئەندامی رێکخراوەکەن.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات، بەردەوام دەبن لە راوەدوونانی ئەندامانی داعش و تێکشکاندنی سەرچاوە داراییەکانیان.
دوای شکستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق و سووریا، ماوەی چەند ساڵێکە ئەو رێکخراوە پلانی هێرشەکانی گۆڕیوە، ئێستا لە شوێنی جیاواز و بە ناوی خوازراو وەکو رێکخراوی هاوکاریی مرۆیی و خێرخوازی کار لەسەر پارەدارکردنی رێکخراوەکە دەکەن، هاوکات هێرشەکانیان لە شێوازی سەربازییەوە گوڕیوە بۆ هێرشی ئەلیکترۆنی، هەروەها بەو رێگەیە بانگەشە بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکەیان دەکەن، یەکێک لەوەڵاتانەش کە دوای عێراق و سووریا لە لایەن داعشەوە کراوە بە ئامانج تورکیایە، هەربۆیە ساڵانێکە ئۆپراسیۆنی لەو شێوەیە لەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت و دەیان ئەندام و سەرکردەی ئەو رێکخراوە دەستگیردەکرێن.