نزیکەی 100 هەزار زیارەتکار لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە نەجەف و کەربەلا
لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هاتنی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن، کۆتاییهاتنی پرۆسەی پێشوازیکردن و گواستنەوەی زیارەتکارانی بۆ ساڵی 2026 راگەیاند، کە تێیدا نزیکەی 100 هەزار زیارەتکار لە 5 وڵاتی جیاوازەوە لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان.
بە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەرچوونی فەرمانی کارگێڕیی پارێزگای هەولێر لە رێکەوتی 3-6-2026، و دوای ئەنجامدانى چەندین کۆبوونەوەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەزارەتەکان و لیژنەی باڵا بە ئەندامێتی سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، زنجیرەیەک کار و هەنگاوی گرنگیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی پێشوازیکردن لە زیارەتکاران جێبەجێ کرد، کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوە بوون:
رێکارە لۆجستی و خزمەتگوزارییەکان
-رێکخستن و دامەزراندنی 4 وێستگەی پشوودان و پێشوازی لە زیارەتکارانی ئێرانی و بیانی لە دەروازە نێودەوڵەتییەکان و ناوچەکانی (حاجی ئۆمەران، کانی ماران، پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر و بازگەی شێراوە).
-دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی وێستگەکان بەشدار بوو، لەوانەش: کەلوپەل، خواردن و خواردنەوە، چا، ئەمبوڵانس، دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان، نان، ئاوی خواردنەوە، کابینە لۆجستییەکان، ئامێر و ئۆتۆمبێلەکان، هێڵی ئینتەرنێت، کەپرەکان، سیستمی ئاوپڕژێن و فێنککەرەوە، سەبەتەی خواردنی ناو پاسەکان، جلوبەرگ و پێداویستییەکانی مانەوە وەک بەتانی، دۆشەک، پێخەف و خێوەت.
-حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، تێچووی گواستنەوەی چوون و گەڕانەوەی زیارەتکارانی بە پاس دابین کرد، کە گواستنەوەی لە هەولێرەوە بۆ حاجی ئۆمەران و بەپێچەوانەوە و، هەروەها گواستنەوەی بەشێک لە زیارەتکارانی لە هەولێرەوە بۆ نەجەف و کەربەلا و گەڕانەوەیان بۆ هەولێر لەخۆگرت.
-جێگیرکردنی 38 بنکە لە وێستگەکان، 17 تیمی فریاگوزاری لەسەر رێگا سەرەکییەکان، و پێکهێنانی 21 لیژنەی لاوەکی لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بە ستافێکی شارەزا و کارا بۆ خزمەتکردنی شەو و ڕۆژ، بەپێی پسپۆڕیی هەر لایەنێک، لەوانە:
-دەزگای خێرخوازیی بارزانی
-فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە (بۆ کاروباری ئێران)
-نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا
-ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC)
-دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران
-بەڕێوەبەرایەتییەکانی گواستنەوە، پاسپۆرت، ئاسایش، گومرگ و گەشتوگوزار
-پۆلیسی هاتووچۆ، پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و پاسەوانیی سنوور
-بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و ئاسایشی بازگەکان
-شارەوانی، تەندروستی، بەرگریی شارستانی و پاراستنی ژینگە.
رێکارە ئەمنی و فریاگوزارییەکان
-پێکهێنانی لیژنە هاوبەشەکانی فریاگوزاری لە بوارەکانی ئاسایش، پۆلیس، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی و تەندروستی لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەکان.
-ئامادەباشکردنی سەرجەم بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکانی سەر رێگای هاتووچۆی زیارەتکاران بە شێوازی 24 کاتژمێری.
-دانانی 7 وێستگەی گەڕۆکی گواستنەوە لەسەر ڕێگای سەرەکی لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە تا نەجەف و کەربەلا.
-ئامادەباشی تیمی فڕۆکەوانیی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بۆ کاتی پێویست.
-جێگیرکردنی 59 کۆمپیوتەری تایبەت بە پاسپۆرت بۆ خێراکردنی پرۆسەی پشکنین و تۆمارکردنی پاسپۆرتی زیارەتکاران لە دەروازەی حاجی ئۆمەران.
-ئامادەکردنی 3500 پاس، کۆستەر، راف و ئۆتۆبوس بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەکانی گواستنەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
-جێگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری وەک ئەمبوڵانس، تانکەری ئاو، ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، ئامێری میکانیکی، لۆری بارھەڵگر، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەکان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی.
ئامار و ئەنجامەکانی پرۆسەکە
پڕۆسەی پێشوازیکردن لە زیارەتکاران بە شێوەیەکی فەرمی لە ڕۆژی چوارشەممە، رێکەوتی 15-7-2026 دەستی پێکرد و لە رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی 6-8-2026 کۆتایی پێهات.
لەو ماوەیەدا ئەم ئەنجامانەی خوارەوە تۆمار کران:
ژمارەی زیارەتکاران: نزیکەی 100 هەزار هاتووچۆی زیارەتکاران لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ نەجەف و کەربەلا تۆمار کرا، کە لە وڵاتانی (ئێران، تورکیا، ئازەربایجان، جۆرجیا و رووسیا)ـەوە هاتبوون.
چارەسەری پزیشکی: 2525 زیارەتکار خزمەتگوزاریی تەندروستی و چارەسەری پزیشکیی سەرەتاییان وەرگرتووە.
ڕووداوەکان : 6 رووداوی بەرگریی شارستانی و 1 ڕووداوی هاتووچۆی پاسەکان تۆمار کران، کە خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە.
سوپاس و پێزانین
لیژنەی باڵای سەرپەرشتی، سوپاس و پێزانیانی بێکۆتایی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی لیژنەی باڵا، بەڕێوەبەران، کارمەندان و کرێکارانی جێگیرکراو لە هەر چوار وێستگەکە دەکات کە شەو و ڕۆژ کاریان کردووە.
هاوکات سوپاسی تایبەتی خۆمان ئاراستەی سەرۆک، دەستەی کارگێڕی و تەواوی ستافی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەین، کە بۆ ساڵی 5ـەم بە شێوازێکی مرۆڤدۆستانە خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش کرد و بەشێکی زۆر لە ئەرکەکانی حکومەتیان لە ئەستۆ گرت.