دادگای ئەمریکا خەونێکی ترەمپ لە گۆڕ دەنێت

دادگایەکی تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا بڕیاری دا کارەکانی بونیادنانی هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە کۆشکی سپی رابگرێت کە لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشنیاز کرابوو. 

هەینی 7ـی ئابی 2026، دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا بڕیاریدا، پرۆژەی خەونەکانی ترەمپ کە دروستکردنی هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان بوو لە نێو کۆشکی سپی لە گۆڕ بنێت، هاوکات دادگاکە جەختی کردەوە دەبێت ئەم پڕۆژەیە رەزامەندی کۆنگرێسی لەسەر بێت پێش ئەوەی کارەکانی تەواو بکرێن.

ئەم بڕیارەی دادگا دوای سکاڵایەکی یاسایی لایەنە پارێزەرەکانی شوێنەوارە مێژووییەکان هات، ئەوان لە سکاڵاکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردبوو، ناكرێت گۆڕانکاری لە شوێنێکی دێرین و گرنگی وەک کۆشکی سپی بکرێت بەبێ رەچاوکردنی هەموو رێکارە یاساییەکان و پاراستنی ناسنامە مێژووییەکەی.

بەپێی بڕیارەکە، ئیدارەی ترەمپ ناتوانێت لە کارەکانی بونیادنان بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی کێشە یاساییەکە یەکلایی دەبێتەوە، دادگاکە بۆ ماوەی دوو هەفتە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی هەڵپەساردووە بۆ ئەوەی دەرفەت بداتە ئیدارەی ئەمریکا تا تانە لە بڕیارەکە بدات لەبەردەم دادگای باڵای وڵاتدا.

پڕۆژەی دروستکردنی ئەم هۆڵە مەبەست لێی دابینکردنی شوێنێکی فراوانتر بوو بۆ میوانداریکردنی مەراسیمە فەرمییەکان و بۆنە گەورەکان لە ناو کۆشکی سپیدا، بەڵام بەهۆی مەترسی زیانگەیاندن بە شێوازە مێژوویی و تەلارسازییەکەی کۆشکەکە، رووبەڕووی بەربەستی یاسایی بووەوە.