چین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ حەفت کۆمپانیای ئەمریکی قەدەخە دەکات

گرژییە بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەمریکا توندتر دەبنەوە

وەزارەتی بازرگانیی چین کارکردنی لەگەڵ حەفت کۆمپانیای ئەمریکی قەدەخە کردووە و کۆتوبەندی توندی خستووەتە سەر هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆژیا پەیوەندیدارەکانی بۆ ئەمریکا، ئەمەش پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی شی جین پینگ بۆ واشنتن.

کەناڵی تەلەفزیۆنی  CNBC، بڵاوی کردەوە، چین گەورەترین و بەرفراوانترین رێکاری دژەبەری بازرگانیی خۆی لە دژی ئەمریکا راگەیاند، لەو کاتەوەی کە هەردوولا لە ئۆکتۆبەری رابردوودا گەیشتبوونە ئاگربەستێکی بازرگانیی کاتی.

بە پێی هەواڵی کەناڵەکە، ئەم هەنگاوانەی چین وەک وەڵامێکی راستەوخۆ دێن بۆ ئەو کۆتوبەند و سنووردارکردنە نوێیانەی کە ئەمریکا سەپاندوونی، هاوکات لە کاتێکدایە کە سەرۆکی چین، شی جین پینگ، ئامادەکاری دەکات بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ واشنتن لە مانگی داهاتوودا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەم کەناڵە، وەزارەتی بازرگانیی چین بڕیاری قەدەخەکردنی رەهای دەرکردووە بۆ کۆمپانیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بازرگانی لەگەڵ حەفت دامەزراوە و کۆمپانیای ئەمریکیدا دروست نەکەن. هاوشان لەگەڵ ئەمەشدا، بەیژینگ رێکارەکانی هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆژیاکانی توندتر کردووە و، هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەکی لەگەڵ دەستە رێکخەرەکان و دامەزراوەکانی متمانەپێدانی ئەمریکی راگرتووە، لەوانەش پشکنینە ناچارییەکان لەسەر کارگە و دامەزراوە پیشەسازییەکانی چین.

شەش کۆمپانیا لەو حەفت دامەزراوە ئەمریکییەی کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، بەهۆی رۆڵیان بووە لە جێبەجێکردنی ئەو سزایانەی واشنتن کە پەیوەستن بە هەرێمی شینجیانگەوە.

کۆمپانیای حەفتەمیش کە ناوی "کۆمپلایانس تیستینگ"ـە و بنکەکەی لە ویلایەتی ئەریزۆنایە، بەهۆی ئەوەوە خراوەتە لیستی رەشەوە کە هاوکاریی دەستەی پەیوەندییە فیدراڵییەکانی ئەمریکای کردووە بۆ گرتنەبەری رێکاری توند دژ بە بەرهەمە چینییەکان. ئەمەش یەکەمین جارە کە بەیژینگ سزا دەسەپێنێت.

ئەم هەنگاوە دژەبەرانەی چین نیشانەی روونی هەوڵەکانی بەیژینگە بۆ وەڵامدانەوەی فشارەکانی واشنتن کە دەیەوێت دەستڕاگەیشتنی چین بە تەکنەلۆژیای رۆژئاوایی سنووردار بکات.

لای خۆیەوە ویلیام براتۆن، شیکەرەوەی ئابووری لە بانکی "BNP Paribas" رایگەیاند، ئەگەر رێکارەکانی ئەمریکا ئامانجیان دوورخستنەوەی کاڵا و تەکنەلۆژیا چینییەکان بێت لە ژێرخانی ئەمریکا، ئەوا رێکارە بەرپەرچدەرەوەکانی چین زیاتر چڕبوونەتەوە لەسەر بەکارهێنانی چەکی "قەدەخەکردنی هەناردەکردن" وەک ئامرازێکی هێرشبەری دژ بە ئەمریکا، لە بری ئەوەی تەنیا بەرگری بکات.

وەزارەتی بازرگانیی چین رایگەیاندووە، لەمەودوا هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەموو جۆرە کاڵایەکی دیکەی سەربازی و مەدەنی بۆ ئەمریکا، بە شێوەیەکی زۆر ورد و دۆسیە بە دۆسیە پشکنینی بۆ دەکرێت.

ئەم ململانێ نوێیە دەیسەلمێنێت کە ئاڵۆزییەکانی نێوان بەیژینگ و واشنتن بەردەوامن، تەنانەت دوای ئەو ئاگربەستەی کە لە لوتکەی ساڵی رابردووی کۆریای باشووردا گەیشتنە رێککەوتن لەسەری. 

چاوەڕوان دەکرێت سەردانەکەی شی جین پینگ بۆ واشنتن لە مانگی ئەیلوولدا، ببێتە درێژکراوەی ئەو سەردانەی کە ترەمپ لە مانگی ئایاردا بۆ بەیژینگ ئەنجامی دابوو.