کیم جۆنگ ئون: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەر وڵاتێک پەرە پێ دەدەین کە رێز لە سەروەریمان بگرێت
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا لە زاری کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، پیۆنگیانگ ئامادەیە پەیوەندیی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ سەرجەم ئەو وڵاتانە پەرە پێ بدات کە رێز لە سەروەرییەکەی دەگرن.
کیم لە گوتارێکدا دوای وەرگرتنی بڕوانامەی باڵیۆزە نوێیەکانی چەند وڵاتێک رایگەیاند، دۆخی ئەمنیی رۆژهەڵاتی ئاسیا وا دەخوازێت کۆریای باکوور تواناکانی ئەمنی و بەرگریی خۆی مسۆگەر بکات و بەرگری لە مافی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بکات.
سەرۆکی کۆریای باکوور دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی بۆ بەدەستهێنانی هێز و توانای پێویست لەپێناو مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆی تێدەکۆشێت، بەڵام بەدوای هەژموونگەریدا ناگەڕێت.
سازکردنی ئەو رێوڕەسمە لە کاتێکدا بوو کە کیم بڕوانامەی باڵیۆزە نوێیەکانی وەرگرت، لەنێویاندا باڵیۆزی روسیا؛ هەنگاوێک کە بە لادان لە پرۆتۆکۆلی باو دادەنرێت، چونکە بەپێی نەریت، بەرپرسێکی باڵا ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکات نەک سەرۆکی وڵات بە تەنیا.
سازکردنی ئەو رێوڕەسمە دوای ئەوە هات، سەرۆکی کۆریای باکوور ئەو دەستپێشخەرییانەی پشتگوێ خست کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی رابردوو لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ چین پێشکەشی کردبوون، کە بە مەبەستی بەشداریکردن بوو لە لووتکەی کۆمەڵەی هاریکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن "ئاپێک".
درەنگانی پێنجشەممە، ترەمپ دوای بەشداریکردنی لە لووتکەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی روسیا، خاکی ئاسیای بەجێهێشت بەبێ ئەوەی لەگەڵ کیم کۆببێتەوە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ئەگەری رێکخستنی دیدارێکی لەو شێوەیە دابوو.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور لە زاری سەرۆکی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە: "جیهان ئێستا شایەتی قەیرانێکی ئەمنیی ناجێگیر و پشێویی سیاسی و ئابوورییە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی". هەروەها روونیکردەوە: "دۆخی ئێستای نێودەوڵەتی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە تێگەیشتنمان بۆ سەروەری و ئاسایشی نیشتمانی دروست دەکات".
کیم ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی دیپلۆماسیی پیۆنگیانگ بریتییە لە "فراوانکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دەرەکییەکان بەپێی بنەماکانی سەربەخۆیی، ئاشتی و دۆستایەتی و ئەوەی لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە سەروەریی نیشتمانی و ئاسایش بێت". جەختیشی کردەوە: "کۆماری دیموکراتیی گەلی کۆریا بەدوای هەژموونگەری یان فراوانخوازیدا ناگەڕێت".
لووتکەکانی پێشووی نێوان کیم و ترەمپ بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی پیۆنگیانگ بەڕێوەچوون، بەڵام نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک.
سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر ئەو سزایانەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەسەریدا سەپێنراون، کۆریای باکوور لە پەرەپێدانی جبەخانە ئەتۆمییەکەی بەردەوام بوو کە لە دەستووریشیدا جێگیری کردووە و جەختی کردووەتەوە، بوون بە دەوڵەتێکی ئەتۆمی بابەتێکە و گەڕانەوەی بۆ نییە.
هاوکات پیۆنگیانگ لە رێگەی ناردنی هێز بۆ پشتگیریکردنی هەوڵە سەربازییەکانی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ روسیا پتەوتر کردووە.