بۆڕی سەرەکیی ئاوی دووکان - سلێمانی شکا

دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی راگیرا و مەترسیی کەمئاوی هەیە

جارێکی دیکە گرفتی کەمئاوی رووی لە سلێمانی کردەوە و بەهۆی شکانی بۆڕییەکی سەرەکییەوە، دابەشکردنی ئاو لە بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی شارەکە ڕاگیرا.

ئەمڕۆ شەممە، 8ـی ئابی 2026، هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی پێشتر هەوڵ هەبووە بۆ چاککردنەوەی سێ پەمپی هێڵی ئاوی دووکان - سلێمانی، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکە چارەسەر نەکراوە. بەهۆی شکانی بۆڕییەکی سەرەکییەوە، ئێستا دابەشکردنی ئاو بەسەر هاووڵاتییاندا راگیراوە و ئەمەش مەترسییەکی گەورەی کەمئاوی لە شارەکەدا دروست کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دۆخی ئاو لە پارێزگای سلێمانی ناهەموارە، چونکە زۆربەی ئەو گەڕەکانەی بەرنامەی وەرگرتنی ئاویان لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، 12:00ـی نیوەڕۆ و ئێواراندا بووە، ئێستا بەهۆی ئەم گرفتەوە بێبەش دەبن و سیستەمی دابەشکردنەکە پەکیکەوتووە.

سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە کاتێکدا سەرقاڵی کارپێکردنی سێ پەمپەکەی ئاوی سلێمانی بووین، ئاگادار کراینەوە، بۆڕی سەرەکیی ئاوی سلێمانی شکاوه. هۆکارەکەشی بۆ کارکردنی حەفارەیەک لەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە کە زیانی بە بۆڕییەکە گەیاندووە."

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم شکانە دەبێتە هۆی کەمئاوی لە ناوچەی قڕگە و چەند گەڕەکێکی دەرەوەی شەقامی 60 مەتری، لەوانە: (ئیبراهیم ئەحمەد، کانی باو، سێ توان، کازیوە و کۆمپانیای نەوزاد). ناوبراو دڵنەوایی ئەو گەڕەکانەشی دایەوە دوێنێ ئاویان وەرگرتووە، بەڵام جەختی کردەوە، تیمەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەکەن.

سەبارەت بە ماوەی چاککردنەوەی بۆڕییەکە، بەختیار تاهیر گوتی: "چاککردنەوەکە دوو بۆ سێ رۆژی پێدەچێت. ئێستا ئاوەکە لە دووکانەوە گیراوەتەوە و چاوەڕێ دەکەین بۆڕییەکە بەتەواوی لە ئاو خاڵی ببێتەوە تاوەکو تیمە تەکنیکییەکان دەست بە کارەکانیان بکەن، چونکە بە بوونی ئاو لە ناو بۆڕییەکەدا، کارکردن مەحاڵە."