ئێران مەرجەکانی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز رادەگەیەنێت
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی لەبارەی دۆخی گەرووی هورمز خستەڕوو و رایگەیاند، تا ئەمریکا رەفتارەکانی نەگۆڕێت، گەرووەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە.
شەممە 8ـی ئابی 2026، محەممەد باقر زولقەدر، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، جەختی کردەوە رێگری لە کردنەوەی گەرووی هورمز بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ئەمریکا بە تەواوی رەفتارەکانی بەرامبەر ئێران دەگۆڕێت، هاوکات گوتیشی، وڵاتەکەی پێنج مەرجی بنەڕەتی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و کردنەوەی گەرووەکە هەیە.
مەرجەکانی تاران بۆ واشنتن:
1- کۆتاییهێنان بە هەر جۆرە هەڕەشە و سووکایەتیکردنێک بە گەل و پیرۆزییەکانی ئێران.
2- راگرتنی هەمیشەیی دەستدرێژی و جەنگ دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە لوبنان، فەلەستین، یەمەن و عێراق.
3- لابردنی گەمارۆی دەریایی و کشانەوەی تەواوی هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری سنوورەکانی ئێران.
4- دانی قەرەبووی دارایی بە شێوەیەکی بێ کەم و کورتی بۆ زیانەکانی ئەو دوو جەنگەی کە بەسەر ئێراندا سەپێنراون.
5- هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان و ئازادکردنی بێ مەرجی هەموو داراییە بلۆکەکراوە و دزراوەکانی گەلی ئێران.
ئەم لێدوانە و مەرجەکانی ئێران لە لایەن محەممەد باقر زولقەدر، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دوای ئەوە هات، حوسێن موحیبی گوتەبێژی سوپای پاسدارانی، ئەمڕۆ شەممە 8ـی ئابی 2026، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ رۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی رایگەیاند، کردنەوەی گەرووی هورمز لەبەردەم جوڵەی بازرگانی دەریایی پەیوەستە بەو مەرجانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دایناوە و دەبێت ئەمریکا قبوڵیان بکات و پابەندیان بێت، ئەگەرنا گەرووەکە هەر بەداخراوی دەمێنێتەوە.
گوتیشی: چیتر گەرووی هورمز بۆ ئێران تەنیا رێڕەوێکی ئابووریی ئاوی نییە، بەڵکو لە لایەنی جیۆگرافییەوە توانا و هێزێکە و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێت سوودێکی باش لەم هێزە وەربگرێت.
هەروەها ئاماژەیدا، ئەو دانوستانانەی لەنێوان ئێران و عومان هەیە، هیچ پەیوەندییەکی بە کردەنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی گەرووی هورمزەوە نییە، گوتیشی: بۆ کردنەوەی گەرووەکە ئەمریکا ناچارە مەرجەکانی ئێران قبوڵ بکات و خۆی لە دەستوەردان لە دانوستانی نێوان تاران و مەسقەت بە دوور بگرێت، هەر کاتێکیش ئەمریکا مەرجەکانی قبوڵکرد، ئەو کاتە بە دڵنیاییەوە گەرووی هورمز دەکرێتەوە.
پێشتر سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران، ئاشکرای کردووە، کردنەوەی گەرووی هورمز پەیوەستە بەوەی ئەمریکا بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، کە لە یاداشتای لێتێگەیشتن واژۆی لەسەر کراوە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە بەرپرسانی ئێران بە قسەی بریقەداری هەڵگرتنی بەشێک کە سزا سەپێندراوەکانی سەر تاران لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە هەڵناخەڵەتین، چونکە هەڵگرتنی بەشێک لە گەمارۆکانی سەر چەند کۆمپانیا و لایەنێکی عێراقی هیچ پەیوەندییەکان بە ئێرانەوە نییە.