دڵشاد شەهاب: هیچ مەترسییەکی ئەمنی تایبەت لەسەر هەرێم نییە

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند سەرەڕای بوونی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا، هیچ مەترسییەکی ئەمنی تایبەت و دیاریکراو لەسەر هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام دامەزراوەکانی هەرێم هەمیشە لە ئامادەباشیدان.

شەممە 8ـی ئابی 2026، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند: "دۆخی ناوچەکە بە گشتی ئاڵۆزە، بەڵام هیچ مەترسییەکی ئەمنی تایبەت لەسەر هەرێمی کوردستان نییە." ئاماژەی بەوەش کرد ئەو سیاسەت و رۆڵەی هەرێمی کوردستان لەم قەیرانەدا پەیڕەوی کردووە، بووەتە هۆی ئەوەی کەمترین زیانی پێ بگات.

 

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، دڵشاد شەهاب جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان پشتیوانی تەواوی هەنگاوە ئابووری و ئەمنییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، چونکە ئەو هەوڵانە راستەوخۆ پەیوەستن بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و سەقامگیری وڵاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم هۆشدارییەکی توندی دا لەبارەی پاشەکشەی داهاتی عێراق و رایگەیاند: "بەهۆی قەیرانی گەرووی هورمز و پێکدادانە سەربازییەکان، ماوەی 7 بۆ 8 مانگە داهاتی عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام حکوومەتی هەرێم و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە وردی و بە جددی کار لەسەر ئەم ئاڵەنگارییانە دەکەن، چونکە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی بژێوی هاوڵاتییان لە ئەولەویەتی کارەکانیاندایە.