ڤانس: متمانە بە ئێران ناکەین

جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران بە وڵاتەکەی راگەیاندووە ئامادەیە رێگە بدات بە هەناردەکردنی نەوت و گاز لە گەرووی هورمزەوە بە بەرزترین ئاست، بەڵام واشنتن متمانە بەم بەڵێنە ناکات تا بە کردەیی جێبەجێ نەکرێت.

شەممە 8ـی ئابی 2026، جی دی ڤانس، ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێرانییەکان لەژێر گوشارێکی زۆردان و دەیانەوێت ئەم دۆخە کۆتایی پێ بهێنن"، باسی لەوەش کرد ئیدارەی ئەمریکا سەرقاڵی دارشتنی پلانێکە بۆ گەرەنتی کردنی تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا، ئەمەش پابەندبوونی ئێران بە نەکردنە ئامانجی کەشتییە بازرگانییەکان لەخۆ دەگرێت.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا، لەوەی وا تێنەگەن قەیرانەکە کۆتایی هاتووە و گوتی: "ئێمە هێشتا لە ناوەراستی جەنگەکەداین و بابەتەکە تەواو نەبووە"، هەروەها گوتیشی: "چاوەڕوان دەکەین رێڕەوی نەوت و گاز بۆ ئاستی پێش دەستپێکردنی ململانێکان بگەڕێتەوە، ئەمە ئەوەیە کە ئێرانییەکان پێیان گوتووین، بەڵام ئێمە متمانە ناکەین و بە کردەیی دڵنیادەبینەوە".

ئەم لێدوانانەی ڤانس  لە کاتێکدایە، گفتوگۆ لە نێوان ئێران و عومان بەردەوامە بۆ دیاریکردنی رێڕەوێکی نوێی دەریاوانی، لە هەمان کاتدا تاران مەرجی زیاتری بۆ واشنتن داناوە بۆ گەڕانەوەی تەواوی جموجۆڵەکان، لەوانە قەرەبووکردنەوەی ئەو پێشێلکارییانەی کە دەڵێت بەرامبەر لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو ئەنجام دراون.