براد کوپەر بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئێران و غەززە گەیشتە ئیسرائیل

دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە ئیسرائیل بە مەبەستی بەستنی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ ئایال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای سەربازی ئیسرائیل بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی لە چەندین بەرەی جیاوازدا.

شەممە 8ـی ئابی 2026، دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە ئیسرائیل و ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگڵ بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئیسرائیل ئەنجامداوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، سەردانی براد کوپەر دوای دیدارەکانی لە وڵاتانی بەحرەین و ئیمارات دێت، ئەم جووڵە دیپلۆماسی و سەربازییە لە کاتێکدایە لێدوانی گەشبینانە لە لایەن سەرۆککۆماری ئێران و جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە دراون سەبارەت بە ئەگەری نزیکبوونەوە لە رێککەوتنێکی نوێ بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.

هاوکات ئەمریکا بەردەوامە لە پاراستنی ئامادەباشییە سەربازییە باڵاکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل، لە ئێستادا دەیان فڕۆکەی پێدانی سووتەمەنی، فڕۆکەی جەنگی، سیستەمی بەرگری ئاسمانی و هەزاران سەربازی ئەمریکی لە ئیسرائیل جێگیرکراون و بڕیارە کوپەر لە میانی سەردانەکەیدا سەرەدانیان بکات.

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی رایگەیاند، فەرماندەی سێنتکۆم تاوتوێی پێشهاتەکانی رێککەوتنی غەززە و سیناریۆکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دەکات، ئەمەش لە ژێر رۆشنایی ئەو گوشارانەی واشنتن دێت لە هەفتەکانی دواییدا خستوویەتییە سەر ئیسرائیل بۆ تێپەڕین بۆ قۆناغی داهاتووی شەڕ لە کەرتی غەززە.