بۆڕییە شکاوەکەی ئاوی سلێمانی چاککرایەوە

دوای کارکردنێکی بەردەوام و چڕی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، کێشەی شکانی بۆڕی سەرەکی هێڵی دووی دووکان-سلێمانی چارەسەر کرا و ئێستا ناردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانی شارەکە دەستیپێکردووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "دوای ئەوەی دوێنێ بەهۆی شکانێکی کوتوپڕەوە هێڵی سەرەکی ئاوی دووکان-سلێمانی راوەستا، تیمەکانی چاککردنەوە دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. پڕۆسەی چاککردنەوەکە پێویستی بەوە بوو سەرەتا بۆڕییەکە لە ئاو خاڵی بکرێتەوە، ئەوەش تا کاتژمێر4:00ـی  ئێوارەی دوێنێ شەممە بەردەوام بوو، پاشان تیمەکان دەستیان بە کارەکانیان کرد و کاتژمێر 4:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەتەواوی کارەکانی نۆژەنکردنەوە کۆتایی هات."

لەبارەی دۆخی ئێستای دابەشکردنی ئاو، ئامانج سلێمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "جگە لە چاککردنەوەی بۆڕییە شکاوەکە، ئەو سێ پەمپە سەرەکییەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا گرفتی تەکنیکییان هەبوو، چاککراونەتەوە و ئێستا کەوتوونەتەوە کار. ئێستا ئاو لە هێڵەکەوە بەردراوەتەوە و پێشبینی دەکرێت تا کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئاو بگاتە ئەو گەڕەکانەی بەهۆی ئەم گرفتەوە بێ ئاو ببوون."

دوێنێ شەممە، جارێکی دیکە گرفتی کەمئاوی رووی لە شاری سلێمانی کردەوە. بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 هۆکاری رووداوەکەی بۆ کارکردنی حەفارەیەک گەڕاندەوە لەو ناوچەیە، کە زیانی بە بۆڕی سەرەکی گەیاندبوو لەو کاتەی تیمەکان خەریکی چاککردنەوەی سێ پەمپە پەککەوتووەکەی هێڵی دووکان بوون.

بەهۆی ئەو شکانەوە، سیستەمی دابەشکردنی ئاو لە بەشێکی زۆری گەڕەکەکان پەکیکەوت، بەتایبەت گەڕەکەکانی (ئیبراهیم ئەحمەد، کانی با، سێ توان، کازیوە و ناوچەی قڕگە، کوردسات). هەرچەندە سەرەتا پێشبینی دەکرا چاککردنەوەکە 2 بۆ 3 رۆژ بخایەنێت، بەڵام تیمە تەکنیکییەکان توانییان لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا گرفتەکە چارەسەر بکەن و مەترسیی کەمئاوییەکی درێژخایەن لەسەر شارەکە بڕەوێننەوە.