ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست دەکرێت

ئەم هەفتەیە قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری هەولێر دەست پێ دەکات

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوای داتای فەرمانبەرانی گرێبەست دەکات بۆ ئەوەی زەوییان بەسەردا دابەش بکرێت و گفتوگۆش بۆ پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی حەوت ساڵ خزمەتیان هەیە کراوە.

پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا چووەتە قۆناخێکی نوێوە و ئێستا ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەستدا دەکرێت.

 لەوبارەیەوە، سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت "پڕۆسەی وردبینی لە ناوی فەرمانبەران بۆ دابەشکردنی زەوی لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە کۆتایی هاتووە و ئێستا دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەستدا دەکرێت."

گوتیشی  "پڕکردنەوەی فۆڕمی زەوی بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست بە مەبەستی وەرگرتنی زەوی، بە هەمان میکانیزمی فەرمانبەرانی هەمیشەیی دەبێت و هەروەها هەمان مەرجی فەرمانبەرانی هەمیشەییش دەیانگرێتەوە، بە مەرجێک خزمەتیان لە هەشت ساڵ کەمتر نەبێت و لە وەرگرتنی زەوییشدا سوودمەند نەبووبن."

سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی حەوت ساڵ خزمەتیان هەیە، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی وەزارەتی شارەوانی گوتیشی "تاوەکو ئێستا بڕیار نەدراوە زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەش بکرێت کە حەوت ساڵ خزمەتیان هەیە، بەڵام گفتوگۆی زۆر لەوبارەیەوە هەیە؛ هەروەها بۆچوونێکیش هەیە ئەو فەرمانبەرانەی چەند مانگێک یاخود چەند رۆژێکیان ماوە خزمەتی وەزیفییان بگاتە هەشت ساڵ، لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بن.

بەگوێرەی دواین ئاماری پرۆسەی دابەشکردنی زەوی، تاوەکو ئێستا نزیکەی 130 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون و هەروەها پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکاندا خێرا کراوە. بڕیاریشە ئەم هەفتەیە قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری هەولێر دەست پێ بکات.