وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق دەداتەوە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکوومەت هەموو هەوڵێک دەدات رێگە بە بازرگانان بدرێت بەنزین لە دەرەوە هاوردە بکەن، بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی بەنزینی بازرگانی.

سەبارەت بە هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی بەنزین، سەرچاوەکە بە کوردستان24ـی گوت: حکوومەتی عێراقی رێگە نادات یەک لیتر بەنزین لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بێتە ناو هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا پێشتر بەشێک لە بەنزینی بازرگانی لەو ناوچانەوە دەهێنرا. 

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو ماددانەی بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی (موحەسەن و سوپەر) بەکار دەهاتن لە ئێرانەوە دەهات، بەڵام بەهۆی بۆردوومانی ئەو کارگانەی لەلایەن ئەمریکاوە بەرهەمیان دەهێنا، ئێستا رێژەیەکی زۆر کەم دێت و نرخەکەشی بە شێوەیەکی بەرچاو گران بووە.

لەبارەی دابینکردنی سووتەمەنی ناوخۆییەوە، سەرچاوەکەی سامانە سروشتییەکان روونی کردەوە، هەرێمی کوردستان 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەداتە پاڵاوگەکان و ئەوانیش بەرهەمەکەی بە رێژەی 30% بۆ پێداویستیی ناوخۆ دابین دەکەن کە نرخی هەر لیترێکی بە 750 دینارە. هاوکات باسی لەوەش کرد، هەندێک لە بازرگانان بارودۆخەکەیان قۆستووەتەوە، بەڵام تیمەکانی حکوومەت بەردەوام چاودێریان دەکەن و رێگە بەو قۆستنەوە نادەن.

سەبارەت بە لێدوانەکەی وەزیری نەوتی عێراقیش، سەرچاوەکە رەتی کردەوە، وەزیرەکە گوتبێتی ئەگەر هەرێم ئەو 50 هەزار بەرمیلە بدات، ئەوان سووتەمەنی دابین دەکەن، جەختی کردەوە، ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە؛ تەنانەت حکوومەتی عێراق بەنزین لە بودجەی سیادییشدا دەکڕێت و پشکی هەرێمیشی تێدایە، کەچی رەوانەی ناکات.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرچاوەکە رایگەیاند، داوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە پشکی نەوتی خاوی هەرێم لە 50 هەزار بەرمیلەوە زیاد بکات، چونکە بەپێی شایستەکان و پشکی 12.6%، دەبێت نزیکەی 120 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بدرێتە هەرێم، ئەگەر ئەم رێژەیە زیاد بکرێت، دەتوانرێت تا 50%ـی پێداویستییەکانی بەنزین دابین بکرێت و کێشەکە تا رادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵ بكرێت.