ترەمپ ئامادەیە بەبێ رێککەوتنی ئەتۆمی کۆتایی بە جەنگ لەگەڵ ئێران بهێنێت

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا زەمینەسازی کردووە بۆ ئەوەی ئەگەری راگەیاندنی سەرکەوتن لە ململانێکان لەگەڵ ئێراندا بخاتە روو، تەنها بە مەرجی کردنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە، تەنانەت ئەگەر هیچ رێککەوتنێکی نوێش سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی واژۆ نەکرێت.

یەکشەممە 9ـی ئابی 2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستوویەتیەوە، ترەمپ لە گفتوگۆیە داخراوەکانیدا باسی لەوە کردووە کە دەکرێت کۆتایی بە رووبەڕووبوونەوەکان بهێنرێت و لەو قەیرانە بێنە دەرەوە، بێ ئەوەی مەرجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێ لەگەڵ ئێراندا بسەپێنرێت.

بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسانە، ترەمپ لە ئێستادا ئارامییەکی زۆر بەرامبەر چەقبەستوویی دانوستانەکان نیشان دەدات، بەتایبەت تا ئەو کاتەی نرخەکانی سووتەمەنی لە ئاستێکی جێگیردا بمێننەوە و بەرزبوونەوەی نوێ بەخۆیانەوە نەبینن.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ترەمپ لە کۆبوونەوەکاندا رایگەیاندووە، پێیوایە تاران لە توانایدا نییە لە ماوەی خولی سەرۆکایەتیی ئەودا چالاکییە ئەتۆمییەکانی دەستپێبکاتەوە.

ئەم راپۆرتە ئاماژە بە ئەگەرێکی نوێ دەکات لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپدا، ئەویش جیاکردنەوەی رێڕەوی سەربازی و گرژییە مەیدانییەکانە لە دۆسیەی ئەتۆمی، بە شێوەیەک کردنەوەی گەرووی هورمز وەک دەرچەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو رووبەڕووبوونەوەیە ببینرێت، بێ ئەوەی لەم قۆناغەدا رێککەوتنێکی گشتگیر لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران واژۆ بکرێت.