یەمەن؛ هێرشی حوسییەکان بۆ سەر شاری موخا چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

لە ئەنجامی زنجیرە هێرشێکی چڕ و بەردەوامی حوسییەکان بۆ سەر بەندەری شاری موخا و شاری خوخە لە رۆژئاوای یەمەن، حەوت کەس کوژران و نزیکەی 20 کەسی دیکەش بریندار بوون. بەپێی سەرچاوە حکوومییەکان، چوار لە کوژراوەکان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەن.

یەکشەممە 9ـی ئابی 2026، سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماەژیان بەوەکردووە، شاری موخا لەسەر کەناراوەکانی دەریای سوور، رووبەڕووی شەش تەقینەوەی گەورە بووەتەوە، حوسییەکان لەم هێرشەدا مووشەک و نزیکەی 20 درۆنیان بەکارهێناوە، لە بەرامبەردا بەرگری ئاسمانی هێزە حکوومییەکان توانیویانە چەند درۆنێکی خۆکوژ لە ئاسمانی بەندەر و فڕۆکەخانەی شارەکە تێکبشکێنن.

بەڕێوبەری بەندەری موخا رایگەیاند، هێرشەکان زیانی گەورەیان بە ژێرخانی بەندەرەکە و چەندین دامەزراوەی مەدەنی گەیاندووە، لەنێویاندا باڵەخانەی نیشتەجێبوونی کارمەندانی نەخۆشخانەی سعوودییە لە موخا کراوەتە ئامانج، هاوکات لە شاری خوخە، حەسەن تاهیر، پارێزگاری حودەیدە، لە هێرشێکی مووشەکی کە شوێنی نیشتەجێبوونی کردبووە ئامانج، رزگاری بوو.

گرووپی حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی هێرشەکانیان گرتە ئەستۆ و ئاماژەیان بەوە کرد، ئەمە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ جوڵە سەربازییەکانی هێزە حکوومییەکان لە کەناراوەکانی رۆژئاوا و پارێزگای تەعیز.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا حوسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی مارب و حەزەرمەوت زیاد کردووە، هەروەها گرووپەکە رایگەیاندووە هێرشیان کردووەتە سەر پاڵاوگەیەکی نەوت لە ناوچەی جازانی باشووری رۆژئاوای سعودییە، کە دواتر وەزارەتی وزەی سعودییە کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەیەکی لەو پاڵاوگەیەدا پشتڕاستکردەوە.