رۆساتۆم گەڕانەوەی کارمەندەکانی بۆ وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر دەستپێکردەوە
بەڕێوەبەری دامەزراوەی "رۆساتۆم"ی رووسی بۆ وزەی ئەتۆم رایگەیاند، دامەزراوەکەیان دەستی کردووە بە گەڕاندنەوەی فەرمانبەرەکانی بۆ وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر لە ئێران و چاوەڕوان دەکرێت تا وەرزی پاییز ژمارەی ئەو کارمەندانە بگاتە 100 کەس.
یەکشەممە 9ـی ئابی 2026، ئالێکسی لیخاتچۆڤ بەڕێوەبەری دامەزراوەی "رۆساتۆم"ی رووسی بۆ وزەی ئەتۆم رایگەیاند"پرۆسەی گەڕاندنەوەی پسپۆڕانمان بۆ شوێنی کارەکانیان لە وێستگەی بوشەهر دەستیپێکردووە، گوتیشی،" پێنج ئەندازیار و تەکنیکار وەک یەکەم گرووپ گەیشتوونەتە شوێنی نیشتەجێبوونیان و دەستیان بە کارەکانیان کردووە، بەمەش کۆی گشتی پسپۆڕانی رووس لە ئێستادا گەیشتووەتە 25 کەس."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە: "پلانمان هەیە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا گرووپێکی دیکە کە دەیان فەرمانبەر لەخۆدەگرێت رەوانە بکەین، بەو مەرجەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران جارێکی دیکە پەرە نەسەننەوە، ئەگەر بارودۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، تا وەرزی پاییز ژمارەی کارمەندانمان لەو پڕۆژەیەدا دەگاتە 100 کەس."
بەڕێوەبەری رۆساتۆم جەختی لەوەش کردەوە، گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ تەنها دوای رێککەوتنی کۆتایی نێوان واشنتن و تاران بۆ راگرتنی جەنگ دەبێت، جەختی لەوەشکردووەتەوە لە ئێستاشدا کارەکانی دروستکردنی باڵەخانە سەرەکییەکان و یەکەکانی وزەی ژمارە 2 و 3، لەگەڵ کارە سەرەتاییەکانی دامەزراوە هایدرۆلیکییەکان بەردەوامن.
لە مانگی نیسانی رابردوودا رۆساتۆم رایگەیاند، زیاتر لە 600 فەرمانبەر و پسپۆڕی رووسی لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر کێشاوەتەوە، ئەو بڕیارە وەک رێکارێکی خۆپارێزی بوو بۆ پاراستنی گیانی کارمەندە تەکنیکییەکان، دوای ئەوەی خاکی ئێران رووبەڕووی هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بووەوە و مەترسییەکان لە وێستگەکە نزیک بوونەوە.