پڕۆسەی کڕینەوەی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆیی، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سەرانسەری پارێزگاکان بەردەوامە و تا ئێستا بڕێکی زۆر لە گەنمی ئەو جووتیارانەی پێشتر بێبەش ببوون، لە رێگەی پڕۆژە نیشتمانییەکانەوە کڕدراوەتەوە.

یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامانجی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، پڕۆسەی کڕینەوەی گەنم بەردەوامیی هەیە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەم هەنگاوە بە تایبەت ئەو جووتیارانە دەگرێتەوە کە پێشتر بێبەش ببوون لە رادەستکردنی بەرهەمی گەنمەکەیان لە پڕۆژەکانی بە بازاڕکردندا.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستا پڕۆسەکە بە شێوەیەکی رێکخراو لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەڕێوەدەچێت. لەم چوارچێوەیەدا، لە پڕۆژەکانی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی سەر بە کۆمپانیای "داس" لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، بڕی 104 هەزار و 250 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە. هاوڕێژە لەگەڵ ئەمەدا، لە پارێزگای دهۆک لە لایەن کۆمپانیای "کاڤین"ـەوە بڕی 40 هەزار تۆنی دیکە کڕدراوەتەوە.

سەبارەت بە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، محەمەد شوکری ئاشکرای کرد، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هاوکات لەگەڵ ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، لە ڕێگەی پڕۆژەکانی کۆمپانیای "قەیوان"ـەوە بڕی 58 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و پڕۆسەکەش لەسەر ئاستی گشتیی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

ئەم بڕیارەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی پاڵپشتیکردن و سوودگەیاندنە بەو جووتیارانەی کە بەرهەمی گەنمیان هەیە، بە جۆرێک لە رێگەی ئەم پڕۆژە نیشتمانی و ناوخۆییانەوە، گەنمەکانیان بە نرخێکی گونجاو و پاڵپشتیکراو کە بریتییە لە 400 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، لێ وەردەگیریت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردبوو، سەرۆکی حکوومەت لیژنەیەکی باڵای پێکهێناوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی (قەیوان و خۆشناو) وەک دوو کۆمپانیای نیشتمانی، تاوەکوو ئەو گەنمەی ماوەتەوە لە جووتیارانی بکڕنەوە.

سەبارەت بە بڕی ئەو گەنمەی وەردەگیرێت، نەوزاد شێخ کامیل گوتوبووی: "لە قۆناخی یەکەمدا بڕیار دراوە کۆمپانیای خۆشناو 100 هەزار تۆن و کۆمپانیای قەیوان 65 هەزار تۆن گەنم وەربگرن. ئەگەر بینیمان بڕی گەنمەکە زیاترە، کۆمپانیاکان ئامادەییان نیشانداوە تاوەکو 250 هەزار تۆن لە سایلۆکانی خۆیاندا وەربگرن."

لەبارەی نرخیشەوە، رایگەیاندبوو نرخی هەر تۆنێک گەنم بە 400 هەزار دینار دیاریی کراوە. ئەم نرخەش دوای دیراسەکردنی بازاڕ بووە، تێیدا نرخی هەر تەنێک لە نێوان 370 بۆ 380 هەزار دینار بووە، لە کاتێکدا نرخی حکوومەت 500 هەزار بووە؛ بۆیە 400 هەزار دینار وەک نرخێکی هاوسەنگ و چارەسەرێکی باش بۆ جووتیاران جێگیر کراوە.