لاریجانی: بە هیچ نرخێک لە گەرووی هورمز پاشەکشە ناکەین

سەرۆکی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم لە ئێران جەختی کردەوە، تاران بە هەر نرخێک بێت لە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە گەرووی هورمز پاشەکشە ناکات و راشیگەیاند، دۆخی ئەم گەرووە ناگەڕێتەوە بۆ شێوازی پێشوو.

یەکشەممە 9ـی ئابی 2026، سادق ئامولی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکان لە گەرووی هورمز جێگیرن و پێداگیرن لەسەر ئەوەی کە مافی سەروەریی ئەم رێڕەوە ئاوییە گرنگە بە تەواوی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەڕێتەوە.

هەروەها لاریجانی گوتی: "دوژمن بە هەموو توانایەکییەوە هەوڵ دەدات گەمارۆ بخاتە سەر ئێران"، بەڵام وڵاتەکەی خاوەنی ئەزموونی زیاتر لە 40 ساڵە لە رووبەڕووبوونەوەی سزا و فشارە ئابوورییەکان و دەتوانێت بەرگەی ئەو دۆخە بگرێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم جەختی لە گرنگیی پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی نیشتمانی کردەوە وەک پێویستییەکی حەتمی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکان کە لە ئێستادا رووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە.