کاروان ستوونی: 73 هەزار فۆرمی حەج پڕ کراوەتەوە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمشەو کاتژمێر 12 دەروازەی حەج بۆ ناونووسینی خوازیاران دادەخرێت و پرۆسەکەش بە دیجیتاڵی و بەخۆڕایی بووە، ئاماژە بەوەش دەدات کە تا ئێستا نزیکەی 73 هەزار کەس فۆرمیان پڕکردووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ی ئابی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ "کوردستان24" رایگەیاند: "لە 21ی تەممووزەوە ماڵپەڕی دەروازەی حەج راگەیەندرا و هاووڵاتییان بە خۆڕایی ناوی خۆیان تۆمار کرد، ئەمرۆش دوای درێژکردنەوەی وادەکە، دوا مۆڵەتە و کاتژمێر 12ی شەو دەروازەکە دادەخرێت."

سەبارەت بە ژمارەی بەشداربووان، کاروان ستوونی گوتی: "تا ئێستا نزیکەی 73 هەزار فۆرم پێشکەش بە دەروازەی حەج کراوە و رۆژانە بە لانی کەم 1500 کەس فۆرمیان پڕ کردووەتەوە. بڕیار بوو تاوەکو 5ی ئاب ناونووسین بەردەوام بێت، بەڵام لەسەر داواکاری خەڵک وادەکەمان درێژ کردەوە."

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە تیشکی خستە سەر پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و گوتی: "یەکێک لە کارنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی رێزدار مەسرور بارزانی، بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگاکان بوو. ئێمەش بە هاوکاری فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کارمان لەسەر 'دەروازەی حەج' کردووە کە سیستمێکی زۆر پێشکەوتووە لەسەر ئاستی ناوچەکە و وڵاتانی ئیسلامی."

ناوبراو باسی لە ئاسانکارییە داراییەکان کرد و رایگەیاند: "پێشتر کە فۆرم بە دەست پڕ دەکرایەوە، دەبوو هاووڵاتی 25 هەزار دینار بدات، تەنانەت ئەمساڵ حکوومەتی عێراقیش پارەی لە هاووڵاتییان وەرگرت و دواتر بڕیاری گەڕاندنەوەی دا، بەڵام ئێمە لە هەرێمی کوردستان ماوەی دوو ساڵە هیچ بڕە پارەیەک بۆ ناوتۆمارکردن لە هاووڵاتییان وەرناگرین."

لەبارەی شەفافییەت و پاراستنی مافی هاووڵاتییان، کاروان ستوونی روونی کردەوە: "مافی کەس ناخورێت، چونکە پێناسی دیجیتاڵی هەر کەسێک کە تۆمار دەکرێت، ناتوانرێت دووبارە بنووسرێتەوە. هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئاپلیکەیشنی KRDPASS خزمەتگوزارییەکانی حەج بەکاربهێنن و هەر لەوێشەوە ئاگاداری ئەنجامی تیروپشکەکان بن."

بڕیارە دوای داخرانی دەروازەکە لە ئەمشەودا، قۆناخی پشکنینی ناوەکان دەستپێبکات و دواتر وادەیەک بۆ ئەنجامدانی تیروپشک بۆ دیاریکردنی ناوی ئەو کەسانە رابگەیەنرێت کە بۆ حەجی ئەمساڵ سەفەر دەکەن.