دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی پڕۆژەی گۆڵدن تاوەری هەڵوەشاندەوە و هاووڵاتییان قەرەبوو دەکرێنەوە
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی پڕۆژەی "گۆڵدن تاوەر" دەربڕی و بڕیاردرا پڕۆژەکە بدرێتە وەبەرهێنەرێکی دیکە، سەرۆکی دەستەکەش مژدەی قەرەبووکردنەوە بەو هاووڵاتییانە دەدات کە لە پڕۆژەکەدا ناویان تۆمار کردووە و پارەیان داوە.
دوای ئەوەی بەشداربووانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "گۆڵدن تاوەر" بەهۆی پابەندنەبوونی وەبەرهێنەر بە رێککەوتنەکان و پێشێلکردنی مافەکانیان گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان گەیاندە لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەستەی وەبەرهێنان بڕیاری کۆتایی لەسەر پڕۆژەکە دا.
دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان 24 رایگەیاند: "مۆڵەتی پڕۆژەی گۆڵدن تاوەر بەتەواوەتی هەڵوەشاوەتەوە، ئامانجمان ئەوەیە کە مافی هاووڵاتییان پارێزراو بێت و پڕۆژەکەش وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت."
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەو گوشارە لەسەر هەموو وەبەرهێنەرەکان دروست دەکەن کە ئەگەر لە پڕۆژەکاندا مافی هاووڵاتییان پێشێل بکەن، مۆڵەتەکەیان لێ دەسەنرێتەوە و دەدرێتە وەبەرهێنەرێکی دیکە. سەبارەت بە چارەنووسی بەشداربووانیش، دکتۆر محەمەد شوکری گوتی: "کە پڕۆژەکە درایە وەبەرهێنەرێکی دیکە، مافی هاووڵاتییان وەک خۆی تێدا دەستەبەر دەکرێت و رێگە نادەین هیچ هاووڵاتییەک زەرەرمەند بێت."
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر نووسراوی هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەکەی ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنان کردبوو. ئێستا پڕۆژەکە ئامادە دەکرێت تا رادەستی وەبەرهێنەرێکی نوێ بکرێت و لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەبەرهێنەرە نوێیەکە، کێشەی ئەو خەڵکە چارەسەر دەکرێت کە پێشتر پارەیان تێدا خەرج کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوە دا کە بڕیاری پێشوویان سەبارەت بە پێ نەدانی مۆڵەتی نوێی نیشتەجێبوون وەک خۆی ماوەتەوە. ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەی رۆژی 19ی شوباتی 2024 دەرچوو، کە تێیدا لەسەر فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئاراستەی سوودمەندبوونی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت و کرێنشین، کارکردن لە پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون راگیراوە و مۆڵەتی نوێ لەو کەرتەدا نادرێت.