ئەوانەی لە کفری زەوی 180 مەتریان پێدراوە لێیان وەردەگیرێتەوە
دوای ئەوەی لە پڕۆسەی دابەشکردنی زەویدا لە شارۆچکەی کفری زەویی 180 مەتری بە ژمارەیەک فەرمانبەر درا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان بەڵێن دەدات بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە و زەویی 200 مەتریان پێ بدات.
لە چوارچێوەی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە کفری، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی شارەکە لە جیاتی زەویی 200 مەتری، زەویی 180 مەتریان پێدرا، ئەمەش ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە بە گوێرەی بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر فەرمانبەرێک خزمەتی هەشت ساڵ یان زیاتری هەبێت و پێشتر زەوی وەرنەگرتبێت، دەبێت زەوییەکی 200 مەتری پێ بدرێت.
ئەو پرسە و کێشەیە گەیەندرایە بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان. لەم بارەیەوە ئەرسەلان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو بڕیارە پێش دەستبەکاربوونی وەک بەڕێوەبەری گشتی دراوە و ئەو ئاگاداری کێشەکەیە.
گوتیشی، دوای ئەوەی بەدواداچوونی کردووە، بۆیان دەرکەوتووە شوێنی زەوییەکان گونجاو نییە، هەروەها نابێت زەوی 180 مەتری بە هیچ فەرمانبەرێک بدرێت و دەبێت رووبەرەکەی 200 مەتر بێت، هاوکات بەڵێنی دا کە کێشەکە چارەسەر بکەن، ئەو زەوییانە لە فەرمانبەران وەربگرنەوە و بەمزووانە زەوییەکی 200 مەتریان پێ بدەن و بڕیارەکە هەڵبوەشێننەوە. ئەرسەلان ئەحمەد جەختیشی کردەوە، رێگە نادات لە سنووری هیچ شارەوانییەکی گەرمیان ئەو حاڵەتە دووبارە بێتەوە.
رۆژی 15ـی تەممووزی رابردوو پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری گەرمیان دەستیپێکرد و لە ناوەندی کەلار پێنج هەزار پارچە زەوی، لە کفری دوو هەزار و 260 پارچە زەوی و لە شارۆچکەی رزگاریش نزیکەی دوو هەزار پارچە زەوی دابەش کران.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لە ئایاری ساڵی 2024 دەرچووە، هەر فەرمانبەرێکی شایستە زەوییەکی 200 مەتری لە شوێنێکی گونجاوی سنووری شارەوانییەکەی خۆیدا پێ دەدرێت.