تورکیا هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی
وەزارەتی گواستنەوەی تورکیا هۆشداریی داوەتە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی لەبارەی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی لە دەریای رەش، ئەمەش لە دوای زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە.
دووشەممە 10ـی ئابی 2026، بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئایدینلیک کە لە زاری سەرچاوە حکوومییەکانەوە گواستوویەتیەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا رایانگەیاندووە، ئەو کەشتییانەی بەرەو ناوچەکانی دەرەوەی سنوورە ئاوییە هەرێمییەکانی تورکیا دەڕۆن، پێویستە مەترسییە ئەمنییە ئەگەرییەکان لەبەرچاو بگرن، ئاماژە بەوەش کراوە هەر دەستوەردانێکی تورکیا لە رووداوەکانی دەرەوەی ئاوە هەرێمییەکانی خۆی، رەنگە وەک پشتگیریکردنی ئەنقەرە لە لایەنێکی ململانێکان سەیر بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرای کردووە، تورکیا دەستی کردووە بە سەپاندنی هەندێک سنووردارکردن بەسەر گەشتە بازرگانییەکاندا لە دەریای رەش، بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی ئایدینلیک، رێگە بە 10 کەشتی نەدراوە گەرووی دەردەنیل جێبهێڵن و چاوەڕوان دەکرێت رێکاری هاوشێوە لە بەندەرەکانی دەریای مەڕمەڕە و دەریای رەشیش بگیرێتەبەر، هەرچەندە ئەم زانیارییانە بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە.
پێشتر، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاندبوو وڵاتەکەی بە وردی چاودێری دۆخی ئەمنیی دەریای رەش دەکات و پێشنیازی راگرتنی کاتیی جەنگی پێشکەشی لایەنە ناکۆکەکان کردووە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نیگەرانی قووڵی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕیوە و هۆشداری داوە بەردەوامیی ئەم دۆخە کاریگەریی خراپی لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهانی دەبێت.