بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلە کۆڵۆمبیا و چەند وڵاتێکی ئەمریکای لاتینی هەژاند

بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلە وڵاتی کۆڵۆمبیا و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەمریکای لاتینی هەژاند، کە لە ئەنجامدا چەندین بریندار و زیانی ماددی گەورەی لێکەوتەوە، هەروەها گەشتە ئاسمانییەکانی لە شەش فڕۆکەخانەی ئەو وڵاتە پەکخست.

دووشەممە 10ـی ئابی 2026، بەپێی زانیارییەکانی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی کۆڵۆمبیا و ئەمریکا، بومەلەرزەکە لە قووڵایی 100 کیلۆمەتر لە ژێر زەویدا روویداوە، چەقی بومەلەرزەکە نزیك ناوچەی سان خۆسێ دێل پالمار بووە لە هەرێمی چۆکۆ لە رۆژئاوای کۆڵۆمبیا.

هێزی بومەلەرزەکە هێندە زۆر بووە کە دانیشتوانی وڵاتانی ئیکوادۆر و پاناماش هەستیان پێکردووە، لە شاری بۆگۆتای پایتەختی کۆڵۆمبیا، بەهۆی دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە و مەترسی داڕمانی باڵەخانەکان، هاووڵاتییان ناچار بوون باڵەخانەکان چۆڵ بکەن و بڕژێنە سەر شەقامەکان.

پارێزگاری هەرێمی چۆکۆ رایگەیاند، لە شاری "کێبدۆ"ی ناوەندی هەرێمەکە، زیانی گەورە بەر باڵەخانەکان کەوتووە و چەندین کەسیش بریندار بوون، هاوکات سەرۆکی شارەوانی "کالی" کە سێیەم گەورە شاری کۆڵۆمبیایە، پشتڕاستی کردەوە بومەلەرزەکە زیانی زۆر مەترسیداری لە شارەکەدا دروستکردووە.

لای خۆشییەوە، دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی کۆڵۆمبیا ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەو زیانانەی بەر ژێرخانی فڕۆکەخانەکان کەوتوون، شەش فڕۆکەخانە کارەکانیان راگرتووە، هاوکات دیمەنە بڵاوکراوەکانی میدیاکانی ئەو وڵاتەش دەریدەخەن کە رووکاری دەرەوەی ژمارەیەک باڵەخانە بەهۆی توندی بومەلەرزەکەوە داڕماون.