هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج دەکرێت

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق و فالح ساری، وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەنجامدا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی رەوشی دارایی و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەی نەختینە لە وڵاتدا.

دووشەممە 10ـی ئابی 2026، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت،" عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەرکراوە، هاوکات رایگەیاندووە، بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان". 

دانەر بەعبولغەفار گوتیشی،" زەیدی گوتویەتی هیچ کێشەیەک لە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا نییە، هەروەها جەختی لەوەکردووەتەوە، نابێت جیاوازی لە نێوان فەرمانبەرانی هەرێم و بەغدا هەبێت، بەڵکو دەبێت لە ماف و شایستە داراییەکاندا یەکسان بن"، هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، هەرێمی کوردستان هاوکارێکی باشی حکوومەتی عێراقە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان". 

سەبارەت بە ناردنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران، ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی بە راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا پرسیاریان ئاراستەی وەزیری دارایی کردووە و ئەویش روونیکردووەتەوە کە بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینەی پێویست، خەرجکردنی مووچەی مانگی تەممووز بۆ هەفتەی داهاتوو دواکەوتووە.

لە لایەکی دیکەوە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردەوە حکومەتەکەی پابەندە بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "هیچ کێشەیەک بۆ ناردنی مووچەی هەرێم نییە و ئێمە هیچ جیاوازییەک لە نێوان مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان ناکەین."

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە و تەواوی پرسە داراییەکان، هەروەها سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کرد کە هاوکارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی.