گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە وردەکاری تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12 ئاشکرا دەکات

لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەڕێوەدەچن و گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش جەخت لە دابینکردن و چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی نێو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: سبەی سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، خولی دووەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی و پیشەیییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کاتژمێر 7:30ـی بەیانی دەستپێدەکەن.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، لە هەولێر 488 هۆڵ، سلێمانی 328، دهۆک 383، گەرمیان 81، هەڵەبجە 29، سۆران 113، راپەڕین 66 و لە زاخۆ 90 هۆڵ، بە گشتی هەزار و 578 هۆڵ بۆ تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی ئامادەکراون.

دەربارەی کارەبا و دابینکردنی ئامێرە فێنککەرەوەکان لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، پەیمان خواجە باسی لەوە کرد، هەماهەنگیی زۆر باش لەگەڵ وەزارەتی کارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە و هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان گرفتی کارەبا دروست نەبێت و قوتابییان بتوانن لە کەشێکی ئارام و گونجاو دا تاقیکردنەوەکانیان بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، بۆ تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم، هەزار و 376 سەرپەرشتیار، هەزار و 578 بەڕێوەبەری هۆڵ، هەزار و 578 یاریدەدەری بەڕێوەبەر، نۆ هەزار و 468 چاودێر و هەزار و 578 خزمەتگوزار لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکاندا ئامادە دەبن.

هاوکات پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، لە دیوانی پارێزگا بە سەرپەرشتیی جێگری پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە دابینکردنی کارەبا و ئامێرەکانی فێنککەرەوە کرایەوە لە هۆڵەکاندا، لەگەڵ دانانی پلانێکی ئەمنیی گونجاو بۆ پاراستنی ئارامی و سەلامەتیی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان.

پارێزگای هەولێر ڕاشیگەیاندووە، لەو کۆبوونەوەیەدا دووپات کرایەوە کە پێویستە لە سنووری پارێزگای هەولێر، پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی قوتابییان بە باشترین شێوە و بەبێ هیچ کەموکوڕییەک بەڕێوە بچێت.