لوبنان سێ مەرج بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل دیاری دەکات

سەرچاوە ئاگادارەکانی لوبنان ئاشکرایان کردووە کە بەیرووت مەرجی پێشوەختەی داناوە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوەش دوای کۆتایی هاتنی خولی حەوتەمی دانوستانە راستەوخۆکان کە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

دووشەممە 10ـی ئابی 2026، بەپێی زانیارییەکان، داواکارییەکانی لوبنان لە سێ خاڵی سەرەکیدا کۆکراونەتەوە کە بریتین لە: راگرتنی تەواوەتی شەڕ لە ناو خاکی لوبنان، دیاریکردنی ناوچەیەکی تاقیکاری نوێ کە قەزای بنت جوبەیل و ناحیەی خیام لەخۆ بگرێت، هەروەها راگرتنی دەستبەجێی رووخاندنی خانوو و تێکدانی گەڕەک و کێڵگە کشتوکاڵییەکان لە باشووری وڵات.

ئەم هەڵوێستە نوێیەی بەیرووت لە کاتێکدایە، هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوامن و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئەو ناوچانەی پێویستە سوپای ئیسرائیل لێیان بکشێتەوە، تووشی چەقبەستوویی بوون، ئەمەش وای لە لوبنان کردووە ئاستی داواکارییەکانی بەرز بکاتەوە.

لە ئێستادا رێڕەوی دانوستانەکان لە نێوان لوبنان و ئیسرائیلدا لە نێوان داواکارییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و پاراستنی سەروەریی خاکی لوبناندا ئاڵۆزی تێکەوتووە، سەرچاوە لوبنانی و ئیسرائیلی و ئەمریکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێشتا بۆشاییەکی گەورە لە نێوان لایەنەکاندا هەیە سەبارەت بە جۆری ئەو گەرەنتییانەی پێویستن و میکانیزمی جێبەجێکردنی هەر رێککەوتنێکی ئەگەری لە داهاتوودا.