وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیەک روونکردنەوە دەدات
وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، جەخت لەسەر بەهێزکردنی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دەکەنەوە و لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا بێڕێزی بە پێکهاتەی ئێزدی دەکرێت، رایدەگەیەنرێت؛ بەکارهێنانی هەر وشەیەکی نالۆژیکی بەرامبەر هەر پێکهاتەیەک بە توندی رەتدەکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کارووباری ئایینی لە روونکردەنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات، فەرهەنگی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان رەگ و بنەچەیەکی مێژوویی قووڵی هەیە، مامۆستایانی بەڕێزی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و هەموو ئاینەکانی دیکە، بەردەوام رۆڵێکی کارایان هەبووە و پێکەوە هاوکار بوون بۆ پەرەپێدانی گیانی تەبایی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەک کە تێیدا بێڕێزی بە پێکهاتەی رەسەنی ئێزدی دەکرێت، لە راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە کە ئەو رووداوە لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان و عێراق بووە، بەڵام جەختکراوەتەوە "ئەم کردارە بە تەواوی دوورە لە بەها ئاینی و مرۆڤایەتییەکان."
هاوكات دووپاتکراوەتەوە، بەکارهێنانی هەر وشە و دەربڕینێکی نالۆژیکی بەرامبەر بە هەر پێکهاتەیەک بە توندی رەتدەکرێتەوە، ئاماژە بەوەش کراوە کە جەخت لە بەردەوامیی برایەتی، خۆشەویستی و پێکەوەژیانی هەمەلایەنە لە نێوان سەرجەم ئاین و پێکهاتەکاندا دەکرێتەوە.
لەلای خۆیەوە، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، دەربارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەیە بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت "ئەو جۆرە دەنگە توندڕەو و نەشازانە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەهیچ لۆژێکێک ئەو پەیامە گوزارشت لە دین و دینداری ناکات.
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ئاماژەی بەوەش کرد، لەتێڕوانینی زانایانی ئایینی هاووڵاتیانی کوردستان بە هەموو جیاوازییەکانەوە لە کوردستان یەک جەستەن، لەهەر کوێ هاوڵاتییەک تووشی ئازار بێت یان رووبەڕووی توندڕەوی بێتەوە، ئازار دەخۆین.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی جەخت لەوە دەکاتەوە، خۆشبەختانە زانایانی ئایینی لە کوردستان تێگەیشتنی دروستیان بۆ ئایین و پەیامی میانڕەوی و پێکەوەژیان هەیە، هەرگیز رێگەو رەوایەتی بەو جۆرە کەس و قسانە نادەن، کە کەسانێک نابەرپرسانە لەناو کۆمەڵگە بڵاوی دەکەنەوە، بەو جۆرە زمانە سومعەی ئیسلام لەکەدار دەکەن.
روونکردنەوەکەی گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و یەکێتیی زانایان دوای ئەوە دێت، مامۆستایەکی ئایینی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق بێڕێزی بە کوردانی ئێزدی دەکات.
لە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکان هەیە و سەرجەم ئایینەکان بەبێ هیچ گرفت و بە ئازادی سەدان ساڵە بەرجەستەیی ئایینی خۆیان دەکەن.