سوپای پاسداران: مووشەکەکانمان توانای گۆڕینی رێڕەویان هەیە لە کاتی فڕیندا
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بەشێک لە مووشەکەکانی وڵاتەکەی خاوەنی تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوون کە رێگەیان پێدەدات لە کاتی فڕیندا ئاراستە و رێڕەوی خۆیان بگۆڕن، بەمەش دەتوانن بە ئاسانی خۆیان لە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی بدزنەوە.
دووشەممە 10ـی ئابی 2026، حوسێن موحەبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران لە میانی گوتارێکدا لە شاری قەزوین بە بۆنەی "رۆژی رۆژنامەنووسان" ئاماژەی بەوە کرد، تواناکانی ئێران لە بواری تەکنەلۆژیای مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا و لە جەنگەکاندا بۆ پەکخستنی تۆڕی هێزی دوژمن بەکارهێنراون.
موحەبی گوتیشی،"مووشەکەکانی ئێران وەک رابردوو نین کە تەنها لە خاڵێکەوە هەڵبدرێن و لە خاڵێکی دیکە بنیشنەوە، بەڵکو ئێستا خاوەنی توانای ئاراستەکردن و گۆڕینی رێڕەون، هەندێکیان لە کاتی فڕیندا دەتوانن ئاراستەیان بگۆڕن بۆ ئەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی دوژمن تێپەڕێنن."
ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئێران لە جەنگی تەکنەلۆژیادا تەنها ئامانجی تێکشکاندنی باڵەخانە و کەرەستە سەربازییەکان نییە، بەڵکو کار لەسەر ئەوە دەکات تۆڕەکانی بڕیاردان و سیستەمە بەرگرییەکانی نەیارەکانی بە ئامانج بگرێت.