دوای کوژرانی فەرماندە دێرینەکانی؛ ئێران پێکهاتەی سەربازیی خۆی رێکدەخاتەوە
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، زنجیرەیەک فەرمانی بۆ دیاریکردنی فەرماندە نوێیەکان لە پۆستە سەربازییە باڵاکاندا دەرکرد، گرنگترینیان پۆستی سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکان بوو، سپێردرا بە جەنەڕاڵێکی سوپای پاسداران کە رۆڵێکی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکانی جەنگی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووە.
دووشەممە 10ـی ئابی 2026، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، چەند گۆڕانکارییەکی لە نەخشەی سەربازی وڵاتەکەی راگەیاند، ئەم گۆڕانکارییانە دوای چەند مانگێک دێن لە دەستبەکاربوونی موجتەبا خامنەیی وەک جێگرەوەی باوکی کە لە 28ـی شوباتی رابردوودا لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر تاران کوژرا، موجتەبا خامنەیی لە دوای هەڵبژاردنیەوە لە مانگی ئازاردا بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە و تەنها لە رێگەی بەیاننامەی نووسراوەوە کارەکانی دەکات، بەرپرسانی ئێرانی و ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن ناوبراو لە جەنگدا بریندار بووە.
لەسەر بنەمای فەرمانە نوێیەکان، عەلی عەبدوڵڵاهی وەک سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکان دیاریکرا، خامنەیی داوای لە عەبدوڵڵاهی کردووە کار بکات بۆ بەرزکردنەوەی توانای ئامادەباشی و پەرەپێدانی بەرگریی سەردەمیانە و دابینکردنی توانای وەڵامدانەوەی خێرا و شۆڕشگێڕانە بۆ هەر جۆرە هەڕەشەیەکی سەربازی.
هەروەها ئەحمەد وەحیدی وەک فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران جێگیرکرا، کە پێشتر دوای کوژرانی محەمەد باکپور لە سەرەتای جەنگدا، ئەو ئەرکەی بە شێوەیەکی نافەرمی بەڕێوەدەبرد، هاوکات کیومەرس حەیدەری وەک جێگری عەبدوڵڵاهی و مستەفا ئیزەدی وەک جێگری وەحیدی دەستبەکاربوون، هاوکات عەلی عەزماییش بوو بە فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران و حوسێن تائیب وەک سەرۆکی رێکخراوی بەسیج دیاریکرا.
لە لایەکی دیکەوە، موحسین رەزایی، فەرماندەی دێرینی سوپای پاسداران، وەک نوێنەری رێبەر لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشانکرا و دواتر لە لایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە، وەک سکرتێری ئەو ئەنجوومەنە دیاریکرا.
ئەم دامەزراندنانە لە کاتێکدا دێن، ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە و بەرپرسە باڵاکانی ئێران لە جەنگی 2025 و 2026ـدا کوژراون، لەوانەش عەلی لاریجانی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، کە لە مانگی ئازاری رابردوودا لە هێرشێکدا گیانی لەدەستدا.