ترەمپ: گەرووی هورمز لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەیە و کراوەیە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێستا گەرووی هورمز لە ژێر کۆبتڕۆڵی ئەمریکایە و بە تەواوی کراوەیە، جەختیشی کردەوە، گەمارۆیی دەریایی وڵاتەکەی بۆ سەر تاران بەردەوامە و ئەگەر هەیە توندتری بکەن. 

دووشەممە 10ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە زنجیرەیەک لێدوانی نوێدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی ئێران و دەستکەوتە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی و رایگەیاند، ئەگەر ئێران داوای قەرەبووی ئەو زیانانە بکات کە بەری کەوتووە، ئەوا ئەمریکاش بە هەمان شێوە داوای قەرەبووی ئەو زیانانە دەکات کە تاران هۆکاری بووە، جەختیشی کردەوە، واشنتن هێشتا توانای پەرەپێدانی زیاتری گرژییەکانی هەیە.

سەبارەت بە رەوشی مەیدانی لە ناوچەکە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا گەرووی هورمز کراوەیە و هێزی دەریایی ئەمریکا بە تەواوی کۆنترۆڵی کردووە، دوای ئەوەی توانیویانە هەموو ئەو مینانە لابدەن کە لە گەرووەکەدا چێنرابوون، گوتیشی: "ئێران لە رووی داراییەوە بە تەواوی هەرەسیهێناوە و تەنانەت ناتوانێت مووچەی سەربازەکانی بدات، هاوکات گوتی،" ئێمە گەمارۆیەکی توندمان خستووەتە سەر ئەو وڵاتە و تەنها رێگە بەو کەشتییانە دەدەین تێپەڕن کە روو لە ئێران ناکەن."

لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە گەشەی پیشەسازیی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، ئەمریکا ژمارەی پێوانەیی لە دروستکردنی کارگە نوێیەکاندا تۆمار کردووە، بە جۆرێک زۆرێک لە کارگەکان وڵاتانی مەکسیک و کەنەدا و شوێنەکانی دیکە جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە بۆ ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش کرد سەرۆکی داهاتووی وڵاتەکە سوودێکی زۆر لەو دەستکەوتانە دەبینێت کە ئەو بەدەستی هێناون.

لە کۆتایی قسەکانیدا، ترەمپ رەخنەی توندی لە ئیدارەی جۆ بایدن گرت و بە کارەسات بۆ سەر ئەمریکا وەسفی کرد، بەتایبەت لە پرسی سیاسەتی سنوورە کراوەکاندا کە بە گوتەی ئەو، کارێکی نالۆژیکی و نایاسایی بووە.